دوای ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی دوێنێ دووشه‌م زێڕ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی بازاڕی بۆرسه تۆماری كرد و ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاند. ئه‌مڕۆ نرخه‌كه‌ی خێراتر له جاران رووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه و 100 دۆلاری تری هاتووه‌ته سه‌ر و گه‌یشته چوار هه‌زار و 500 دۆلار.
نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ ئێسته له كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته به چوار هه‌زار و 485 دۆلار ده‌فرۆشرێت، هه‌ر ئه‌مڕۆ چوار هه‌زار و 500 دۆلاریشی تۆمار كرد و بۆ دووه‌م رۆژی له دوای یه‌ك ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاند.
له كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ به چوار هه‌زار و 338 دۆلار داخرابوو، به‌و پێیه له‌م دوو رۆژه‌دا 162 دۆلار هاتووه‌ته سه‌ر هه‌ر ئۆنسێك زێڕ. نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ دوو هه‌زار و 600 دۆلار بوو و هه‌زار و 900 دۆلاری هاتووه‌ته سه‌ر و به رێژه‌ی 73% به‌هاكه‌ی هه‌ڵكشاوه.
هه‌ر كه‌سێك سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ بای 10 هه‌زار دۆلار زێڕی لیره‌ی كڕیبێت، ئه‌وا ئێسته ئه‌گه‌ر زێڕه‌كه‌ی بفرۆشێته‌وه، ئه‌وا 17 هه‌زار و 300 دۆلار ده‌كات و سه‌رمایه‌كه‌ی 73% زیادی كردووه.
پێویسته بگوترێ ئه‌مساڵ بۆ جاری سێیه‌م بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا، سوودی بانكی دابه‌زاند و ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له گرنگترین هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ داده‌نرێت.
جگه له دابه‌زینی رێژه‌ی سوودی بانكی، پرسی درێژه‌كێشانی جه‌نگی ئۆكراینا و بارگرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڤه‌نزوێلا، به گرنگترین هۆكاری هه‌ڵكشانی نرخی زێڕ داده‌نرێت.
به‌گشتی ناوه‌نده ئابووری و داراییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی باس له ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده باس له دابه‌زینی ناكه‌ن و پێشبینی ئه‌وه له ئارادایه مانگی داهاتووش ئه‌مه‌ریكا رێژه‌ی سوودی بانكی كه‌م بكاته‌وه.
گۆڵدمه‌ن ساكس پێشبینی كردووه نرخی زێڕ تا كۆتایی 2026 بگاته چوار هه‌زار و 900 دۆلار. پاساوی سه‌ره‌كیی گۆڵدمه‌ن ساكس و زۆرینه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران و چاودێرانی بازاڕی زێڕ ئه‌وه‌یه، داخوازی بۆ كڕینی زێڕ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن بانكه ناوه‌ندییه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌ره تایبه‌تییه‌كان، به‌رده‌وام له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، هه‌ر ئه‌وه‌ش به هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های زێڕ داده‌نرێت.
زێڕ كاڵایه‌كی زۆر متمانه‌پێكراوه، بۆیه رووداوه سیاسی و بازرگانییه‌كان و پرسه‌كانی جه‌نگ و ئاشتی له دنیادا كاریگه‌ریی ده‌خه‌نه سه‌ر بازاڕه‌كه‌ی. له دۆخی پاشه‌كشه‌ی ئابووری و جه‌نگ و بێ متمانه‌یی بازاڕه‌كان وه‌به‌رهێنه‌ران زیاتر روو له كڕینی زێڕ ده‌كه‌ن، چونكه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌پڕ سه‌رمایه‌كه‌یان له‌ناو بچێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به 891 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 763 هه‌زار دینار و عه‌یار 24 به یه‌ك ملیۆن 10 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، هه‌ر 100 دۆلاریش به 142 هه‌زار و 175 دینار ده‌ستنیشان كراوه. زێڕنگری ئازورا له هه‌ولێر بۆ ئه‌م نرخانه‌ی، ئۆنسێك زێڕی به چوار هه‌زار و 483 دۆلار كردووه‌ته بنه‌ما.