راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بۆ ئەمساڵ سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراوە و پێشبینی دەكرێت، بەرهەمی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی داهاتوو بگاتە ملیۆنێك و 500 هەزار تۆن.
رزگار حەمە خدر راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەپێی ئەو رووپێوییەی ئەنجاممان داوە، سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراوە، لەو رێژەیە میلۆنێك و 200 هەزار دۆنم زەوی بە شێوازی بەراو و لە رێگەی كەناڵەكانی ئاودێرییەوە ئاو دەدرێن، هەروەها دوو ملیۆن و 100 هەزار زەویی تر، پشت بە بارانبارین دەبەستن.
دەشڵێت، پێشبینیمان وایە بۆ ساڵی 2026، بەرهەمی گەنمی جوتیاران بگاتە یەك ملیۆن و 500 هەزار تۆن.
ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پشكی هەرێمی كوردستانی دیاری نەكردووە، وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق كردووە، پشكی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دیاری بكات.