عێراق بڕیاری داوە باج بخاتە سەر كارتەكانی مۆبایل و هێڵەكانی ئینتەرنێت، بەمەش نرخەكەی گران دەبێتەوە، جێبەجێكردنی گرانی نرخی كارت وا دەكات كارتێكی 10 هەزار دیناری بكرێتە 12 هەزار دینار.
ئەمرۆِ پێنجشەم 25ـی كانوونی یەكەم، سێبوور عەبلدوخالق شارەزای ئابووری، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، جارێكی تر باج دەخرێتەوە سەر كارتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت كە هاووڵاتییان بەكاریان دەهێنن.
زیاتر گوتی، بەپێی بڕیارەكە جارێكی تر باج بەڕێژەی 20٪ دەخرێتەوە سەر كارتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، ئەمەیش واتا كارێكی 10 هەزار دیناری بە 12 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان، كارتێكی ئینتەرنێت بە 20 هەزار دینار بێت بە 24 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان.
باسی لەوەش كرد، ئەو رێگە چارەیەی عێراق بۆ بەدەسهێنانی داهات گونجاو نییە، لە داهاتووشدا تووشی كێشە دەبێتەوە، بۆیە پێویستە باجەكان رێكبخرێتەوە و ناشەفافییەتی دەروازەكانی بكرێتە بنەما بۆ كردنەوەی داهات.
روونیشی كردەوە، بەپێی بڕیارەكە ئەو زیادكردنە بەشێوەی باجەكە بە ناوی كرێی خزمەتگوزارییەوە وەردەگیرێت و دەخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی عێراق.