لیرەی سووری دێتە گۆڕین و سێ مانگ دانراوە بۆ وەرگرتنی لیرە كۆنەكە

:: AM:09:00:27/12/2025 ‌
بڕیارە لەم هەفتەیەدا چاپی نوێی لیرەی سووری جێگەی لیرە كۆنەكە بگرێتەوە ، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ كۆتاهێنان بە ناو و وێنەی دەسەڵاتی پێشووی وڵاتەكە و باشتركردنی دۆخی پارەی سووریا.

حكوومەتی كاتی سووریا بڕیاری گۆڕینی لیرەی وڵاتەكەی داوە و لەم هەفتەیەوە دەست پێ دەكات، سێ مانگ دانراوە بۆ وەرگرتنەوەی پارە كۆنەكە، داواش لە هەمو ئەو كەسانە دەكرێت پارەی كۆنیان لایە لەم سێ مانگەدا بیگۆڕنەوە.

حاكمی بانكی ناوەندیی سووریا بۆ میدیای وڵاتەكەی  ئاماژەی بەوە كردووە، گۆڕینی لیرەی كۆن بە دراوە نوێیەكە دەست پێ دەكەن، بە شێنەیی هەمووی وەردەگرنەوە.

بەپێی مەرسوومێكی سەرۆكایەتیی سووریا، رۆژی یەكـی كانوونی دووەمی 2026 وەك وادەی دەستپێكردنی گۆڕینەوەی دراوە كۆنەكە بە دراوی نوێی سووریا دیاری كراوە، واتە پێنجشەمی ئەم هەفتەیە. 

عەبدولقادر حەسریە ئاشكرای كرد، پرۆسەی كێشانەوەی دراوە كۆنەكان سێ مانگ دەخایەنێت و ئەگەری درێژكردنەوەشی هەیە، بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان لە پارێزگاكان بتوانن بە ئاسانی پارەكانیان بگۆڕنەوە.

هاوكات گوتیشی، بەنەمانی لیرەی كۆن، دۆخی لیرە باشتر دەبیـَت و ئابووری وڵاتەكەش گۆڕانكاریی بەسەدا دێت.

 ئەوەشی گوتووە، پارەكە بەشێوەیەك دروست كراوە ساختەكردنی ئەستەمە و متمانەیەكی زۆرمان پێیەتی.



وشە - سۆران عەزیز