وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق قەدەغەكردنی هاوردەی 11 بەروبوومی راگەیاند و یەكێك لە بەرهەمەكانیش شێلمە، بەرهەمی كوردستانیش دەتوانێت پێداویستی ناوخۆی عێراق دابین بكات.
ئەمڕۆ شەموو 27ـی كانوونی یەكەم، دڵشاد عەبدوڵا لە عەلوەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەم بەرهەمی شێلمی كوردستان پێدەگات.
زیاتر گوتی، شێلمی كوردستان دەتوانێت بەشی عێراقیش دابین بكات، چونكە رۆژانە زیاتر لە چوار بارهەڵگر بۆ شارەكانی عێراق دەچێت، هەروەها بەشێكی زۆریشی لە بازاڕی ناوخۆ ساخ دەكرێتەوە.
روونی كردەوە، بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق نوێترین نوێكردنەوەی ساڵنامەكە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی 11 بەرهەمی تێدایە، كە پێكهاتوون لە چەوەندەر، شێلم، كاهوو، كەلەرم، كوولەكە، باینجان، پەتاتە، هەروەها هێلكەی خواردن، مریشك، هەنگوین و خورما لەخۆ دەگرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستە كیلۆی شێلم لە عەلوە بە 450 دینارە، لەگەڵ هاتنی سەرما بە تەواوەتی خواست زیاد دەبێت، ئەگەر بە قاچاخ هاوردە نەكرێت جووتیاران هیچ كێشەیان نییە و نرخەكە بۆیان خێر دەكات.