لە ئێران بەشی زۆری پێداویستیی خێزانەکان بە رۆنی خۆراکی هەر لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت بەڵام ئەو پڕۆسەیەی بەرهەمهێنان پێویستی بە رۆنی خاوی رووەکی هەیە کە هاوردە دەکرێت و بە دۆلار دەکڕدرێت و ئەگەر حکوومەت دۆلاریان بۆ دابین نەکات ئەوا ئەوانیش توانای کڕینی مادەکەیان نابێت.
عەلیڕەزا شەریفی سکرتێری ئەنجوومەنی پیشەسازیی رۆنی رووەکیی ئێران هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا تەواوی کارگەکان دادەخرێن.
ئەو لەبارەی دۆخی بەرهەمهێنان هۆشداری دا و گوتی کارگەکان بۆ ئەوی رۆنی خاوی رووەکی دابین بکەن ئەوا پێویستییان بە دۆلارە و ئەگەر دۆلاریشیان نەبێت ئەوا ناتوانن دابینی بکەن و لە ئاکامدا کارگەکان لە بەرهەمهێنان دەوەستێنرێن.
هەر بەم هۆیەوە نرخی رۆنی خۆراکی لە ئێران بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، رۆنی خۆراکی جگە لەوەی کە لە چێشتخانەی هەموو ماڵێک هەیە و بەکار دەهێنرێت لە هەمان کاتدا بە پێویستییەکی سەرەکیی کارگەکانی شیرینیسازی و قەنادی و پیشەسازیی خۆراک دادەنرێت.
نرخی تمەن زۆر بە خێرایی لە دابەزیندایە، ئێستە هەر دۆلارێک بە 143 هەزار تمەن ئالوگۆڕ دەکرێت و تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا نزیکەی 30% بەهای خۆی لە دەست داوە و لە ماوەی دوو رۆژیشدا بە رێژەی 6% بێ بەها بووە.