لە رۆژی پێنجشەم یەکی کانوونی دووەمی ساڵی 2026ەوە بولگاریا دەچێتە پاڵ دراوی یۆرۆ و دەبێتە 21ەمین وڵاتی ئەوروپا کە دراوە فەرمییەکەی یۆرۆ دەبێت.
بولگاریا لەکاتێکدا دەچێتە پاڵ دراوی یۆرۆ کە لە مانگەکانی رابردوودا هەندێک ناڕەزایی لەو وڵاتە دەستی پێ کردبوو و داوای پاراستنی دراوی نیشتمانیی ''لێو''یان دەکرد و ترسی ئەوە لە بولگاریا هەیە بە گۆڕینی دراوی نیشتمانییان بە یۆرۆ نرخی شتومەکەکان لەسەریان گران ببێت.
بەڵام لایەنگرانی دراوی یۆرۆ لە بولگاریا پێیان وایە دراوی یۆرۆ دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووریی وڵاتەکە و لە هەمان کاتدا پێوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ رۆژئاوا تۆکمەتر دەکات و هەژموونی رووسیا بەسەر وڵاتەکەیان کەم دەکاتەوە.
بولگاریا لە ساڵی 2007ەوە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە و لە ساڵی 2020ەوە هاوکات لەگەڵ کرواتیا بڕیاریان دا بچنە پاڵ یۆرۆ، لە ساڵی 2023 کرواتیا چووە پاڵ یۆرۆ و سەرەتای ساڵی نوێش بولگاریا یۆرۆ بەکار دەهێنێت.
جێی باسە بەپێی راپرسییەکان 49% لە دانیشتووانی بولگاریا دژی ئەوە بوون پارەکەیان بکرێتە یۆرۆ و بە تایبەتی خەڵکی گوند و ناوچە هەژارنشینەکان لەو گۆڕانکارییانە نیگەرانن.
کریستیان لاگارد سەرۆکی بانکی ناوەندیی بولگاریا گوتوویەتی ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی سەقامگیری لە ئابووریی وڵاتەکە و نرخەکانیش بە جێگیری دەهێڵێتەوە.
جێی باسە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ نرخی خۆراک لە بولگاریا بەراورد بە ساڵی رابردوو 5% زیادی کردووە لە کاتێکدا تێکڕای بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە ناوچەی یۆرۆ 3% بووە.
ئابووریناسان پێیان وایە بۆ ئەوی ئەو وڵاتە بتوانێت زۆر بە باشی سوود لە گۆڕانکارییەکانی جۆری دراو وەربگرێت پێویستی بە چاکسازی و سەقامگیری سیاسییە.
لە ماوەی رابردودا ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان لە بولگاریا لەبەر گەندەڵی بووە هۆی کەوتنی کابینەی پارێزگاریخواز و وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە. لە پێنج ساڵی رابردوودا لەو وڵاتە هەشت هەڵبژاردن بەڕێوە چوون.
پەرلەمانی بولگاریا بۆ ئەوەی رێ لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک بگرێت پاڵپشتیی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی کردووە و هەوڵەکان بەگەڕ خراون بۆ ئەوەی چاکسازیی بنەڕەتی لەم وڵاتە بێتە کایەوە.
بولگاریا لە ساڵی 2004 بووە ئەندامی ناتۆ و لە ساڵی 2005 بووە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و یەکێتیی ئەوروپا ئەندامێتیی بولگاریای لە ساڵی 2007 بە فەرمی راگەیاند.
ژمارەی دانیشتووانی بولگاریا هێندەی هەرێمی کوردستانە و بریتییە لە شەش ملیۆن و 520 هەزار کەس بەڵام بەهۆی کەمیی وەجەخستنەوە ساڵانە 1% لە ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە کەم دەبێتەوە و زیاتر لەو ژمارەیەی لە دایک دەبن، دەمرن.
گرنگترین هەناردەی بولگاریا بریتییە لە شیلەی گوڵی رۆز، جگە لەمە شەراب یەکێکی ترە لە گرنگترین بەرهەمەکانی بولگاریا کە هەناردەی وڵاتان دەکرێت. جلوبەرگ، پێڵاو، ئاسن، پۆڵا چەند بەرهەمێکی تری ئەو وڵاتە پێکدێنن کە لە خۆی زیادە و هەناردەیان دەکات.
کۆماری بولگاریا کۆمارێکی سێکۆلارە هەر چەندە لە دەستووری وڵاتەکە مەسیحی ئەرسۆدۆکسی بە ئاینی وڵاتەکە هەژمار کراوە، زیاتر لە 64%ی دانیشتووانی وڵاتەکە کریستیان و نزیکەی 10% مسوڵمانن.