بەپێی ئاماری یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2025ـدا 206 كارگەی نوێ مۆڵەتیان وەرگرتووە، ژمارەی كارگەكان گەیشتووەتە چوار هەزار و 863 هاوكات 41 هەزار كۆمپانیای ناوخۆی و بیانی لە كوردستان كاردەكەن، لەناویاندا كۆمپانیا توركی و ئێرانیەكان پێشەنگن.
بەپێی ئاماری یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان ساڵی 2025 ، 206 كارگەی نوێ مۆڵەتیان وەرگرتووە كە 125 كارگە لە هەولێر، 36 لە سلێمانی و هەڵەبجە، 35 كارگەشیان لە دهۆك و زاخۆ.
هەر بەپێی ئەوە ئامارەی یەكێتییەكە تەنیا لە ساڵی 2025 دا دوو هەزار و 502 هەلیكار ڕەخساوە، 679 لە هەولێر، 471 لە سلێمانی و هەڵەبجە هەزار و 402 لە دهۆك و زاخۆ.
لەكابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بەبەرهەمی ناوخۆی درا، تەنیا لە ساڵی 2025دا 150 بەرهەمی ناوخۆیی گەشەی پێدرا ئێستە دەتوانن 100% پێداویستی ناوخۆ دابین بكەن.
ژمارەی كۆمپانیا نوێیەكانیش كە لە 2025 مۆڵەتیان وەرگرتووە، دوو هەزار و 170 كۆمپانیای نوێ ناویان تۆماركراوە و مۆڵەتیان پێدراوە، لەكاتێكدا بەكۆی گشتی 37 هەزار و 456 كۆمپانیای نیشتمانی و سێ هەزار و 662 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستان هەن كاردەكەن.
ئەوەی جێی سەرنجە لە ساڵی 2025دا مۆڵەتی هاوردەكردنی دوو هەزار و 955 كاڵاوشمەك كراوە لە بەرامبەردا 115 مۆڵەت دراوە بە هەناردەكردن لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە.