دۆلار بە لاوازی چووە ناو ساڵی 2026ـەوە

:: AM:10:43:02/01/2026 ‌
دۆلاری ئەمەریکی یەکەم مامەڵەکانی ساڵی نوێی بە دابەزین دەست پێ کرد و درێژەی بەو دۆخە دا کە ساڵی ڕابردوو تێیدا بوو، لە بەرانبەردا یۆرۆ و پاوەند باشترین ئەدای ساڵانەیان تۆمار کردووە.

ئەمڕۆ هەینی دووی کانوونی دووەمی 2026، بازاڕەکانی دراو بەم شێوەیە دەستیان پێ کرد:

دۆلار: پێنوێنی دۆلار بەرانبەر شەش دراوی سەرەکی گەیشتە 98.243 خاڵ، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 9.4% دابەزیبوو، کە ئەوەش گەورەترین دابەزینیەتی لە ماوەی هەشت ساڵدا.

یۆرۆ: گەیشتە 1.1752 دۆلار، دوای ئەوەی پار 13.5% بەرز بووەوە.

پاوەند: گەیشتە 1.3474 دۆلار، دوای تۆمارکردنی بەرزبوونەوەی 7.7%.
یۆرۆ و پاوەند باشترین بەرزبوونەوەی ساڵانەیان لە ساڵی 2017ـەوە تۆمار کردووە.

لە بەرانبەردا، دراوی "یەن"ی ژاپۆنی دۆخێکی خراپی هەیە و لە نزمترین ئاستی 10 مانگی ڕابردوودا جێگیر بووە (156.74 بەرانبەر دۆلار)، ئەمەش ترسی لای وەبەرهێنەران دروست کردووە کە حکوومەتی ژاپۆن دەستوەردان بکات.

شرۆڤەکاران هۆکاری لاوازبوونی دۆلار دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی جیاوازیی نرخی سوود لە نێوان ئەمەریکا و وڵاتانی تر، هەروەها سیاسەتە بازرگانییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و نیگەرانییەکان لە سەربەخۆییی بانکی ناوەندی (فیدراڵی).

بازاڕەکان چاوەڕوانی هەفتەی داهاتوو دەکەن بۆ بڵاوبوونەوەی داتاکانی بێکاری و هەلی کار لە ئەمەریکا، هەروەها چاوەکان لەسەر بڕیاری ترەمپن بۆ دیاریکردنی سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی لە مانگی ئایاری داهاتوودا، کە پێشبینی دەکرێت کەسێک بێت زیاتر نرخی سوود دابەزێنێت.


وشە - پۆڵا مەحموود