ناوی 303 هەزار خانەنشین بۆ سیستمی نوێی مووچە زیاد دەكرێت، بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمیش ڕای دەگەیەنێت، دوای خانەنشینان، ناوی زیاتر لە 150 هەزار مووچەخۆری تر زیاد دەكرێت.
شەهلا عەبدوڵا سەرۆكی تیمی دڵنیایی جۆری و گەیاندنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەكان لە فەرمانگەی تەكنەلۆجیا و زانیاریی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند: هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بوون لە گواستنەوەی زانیارییەكانی خانەنشینان بۆ سیستمی نوێ، ئەم مانگە خشتەی مووچەی مانگی یەكی خانەنشینان بە سیستمی نوێ ئامادە دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، ڕاهێنان بە كارمەندەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی كراوە، بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچە بە سیستمی پەیرۆڵ.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، دوای چاكسازییەكان لە لیستی ناوی خانەنشینان، بڕیار دراوە ناوی 303 هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی بۆ سیستمی پەیرۆڵی مووچە زیاد بكرێت.
بڕیارە دوای زیادكردنی ناوی خانەنشینان، ناوی مووچەخۆرانی چاودێریی كۆمەڵایەتی و كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان زیاد بكرێت.
بەپێی داتاكانی تیمی دڵنیایی جۆری و گەیاندنی خزمەگوزارییە دیجیتاڵییەكان، ژمارەی سوودمەندبووان لە كاروباری كۆمەڵایەتی، زیاتر لە 70 هەزار كەسە و ژمارەی كەسوكاری شەهیدان كە ناویان دەخرێتە لیستی پەیرۆڵی مووچەوە، دەگاتە زیاتر لە 80 هەزار كەس.
شەهلا عەبدوڵا روونیشی كردەوە، لیستی مووچە لە ساڵی ڕابردووەوە داخراوە و ناوی هیچ مووچەخۆرێكی نوێ بۆ بەغدا نانێردرێت.
پێشتر لە یەكی 11-2025 سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆجیا و زانیاری رای گەیاندبوو، لەسەر فەرمانی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سیستمی خانەنشینیش دەخەنە سیستمی پەیرۆڵەوە.