وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، ئەگەر زیادكردنی باجی كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق جێبەجێ بكرێت، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
دیلان ڕەشاد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، هێشتا بڕیاری زیادكردنی 20%ی باجی كارتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت بۆ هەرێمی كوردستان نەهاتووە.
لە ساڵی 2023 باجی سەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق هەڵگیرا، بەڵام كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ زیادكردنی داهات، بڕیاری داوە باج بخاتەوە سەر كارتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رای گەیاند، زیادكردنی باجی كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراقیش جێبەجێ بكرێت، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، چونكە كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت لەلای ئێمە مۆڵەت و گرێبەستیان هەیە و پابەندی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن.