ئه‌مڕۆ سێشه‌م شه‌شی كانوونی دووه‌می 2026، تمه‌ن دوای 10 رۆژ به‌رگری له به‌هاكه‌ی، جارێكی تر نرخه‌كه‌ی به‌رانبه‌ر دۆلار شكا و نزمترین نرخی له مێژوودا تۆمار كرد.
به‌پێی دواین نرخ له بازاڕه‌كانی تاران نرخی هه‌ر دۆلارێك گه‌یشتووه‌ته 147 هه‌زار تمه‌ن، له كاتێكدا یه‌كشه‌می هه‌فته‌ی رابردوو 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2025، به 144 هه‌زار تمه‌ن ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاندبوو و رووداوه‌كه بووه هۆی هه‌ڵگیرسانی گه‌ڕێكی نوێی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له ئێران، كه تا ئه‌م ساته 72 شاری گرتووه‌ته‌وه.
تمه‌ن له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا به‌هاكه‌ی به رێژه‌ی 6% به‌رانبه‌ر دۆلار هه‌ڵكشابوو، ماوه‌یه‌ك بوو دۆخه‌كه‌ی له ژێر كاریگه‌ریی خۆپێشاندانه‌كانی ئێران پێچه‌وانه بووبووه‌وه، به‌ڵام وا دیاره له‌وه زیاتر نه‌یتوانیوه به‌رگریی بكات و به‌های خۆی بپارێزێت.
هه‌فته‌ی رابردوو سه‌رۆك كۆماری ئێران، سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی گۆڕی و كه‌سێكی تری له جێی ئه‌ودا ده‌ستنیشان كرد كه عه‌بدولناسر هیمه‌تی بوو، ئه‌و گۆڕانكارییه كه‌مێك كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی خسته سه‌ر به‌های تمه‌ن و حكوومه‌ت ویستی به‌م رێكاره، وێڕای گێڕانه‌وه‌ی به‌شێك له به‌های تمه‌ن، كۆتایی به خۆپێشاندانه‌كانیش بهێنێت و بیانووبڕیان بكات.
عه‌بدولناسر هیمه‌تی سێ ئامانجی بۆ ئه‌ركه نوێیه‌كه‌ی خۆی ده‌ستنیشان كردووه كه بریتین له جڵه‌وكردنی هه‌ڵاوسان، كۆنترۆڵكردنی نرخی دراو له رێگه‌ی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، به‌ڕێوه‌بردنی ناهاوسه‌نگیی بانكه‌كان و رێگریكردن له راكێشانی له راده‌به‌ده‌ری پاره.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی تمه‌ن زۆر بێبه‌ها بووه، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرێ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تی له شاره گه‌وره‌كانی ئێران، په‌ره بستێنن و دوكان و بازاڕه‌كان دابخرێن و ته‌نگژه‌كه له ئێران قووڵتر بكاته‌وه.
تمه‌ن به‌هۆی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سزاكانی ئه‌مه‌ریكا و دۆخی ناله‌باری ناوخۆی ئێران، به‌رده‌وام رووی له دابه‌زین بووه، به‌ڵام له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی رابردوو دابه‌زینه‌كان زۆر به‌رچاو بوون.
هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكا له 10ی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو، نزیكه‌ی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر به 108 هه‌زار تمه‌ن ده‌فرۆشرا و نرخی دۆلار به‌راورد به نرخی ئێسته‌ی تمه‌ن 36% زیادی كردووه.