بانكی ناوەندیی عێراق، یەكەم روونكردنەوەی لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بڵاو كردەوە و رای گەیاند، بەرزبوونەوەی نرخ پێوەندیی بە جێبەجێكردنی باجی گومركییەوە هەیە و نرخی فەرمی وەك خۆی ماوەتەوە، لە بازاڕەكانی كوردستانیش نرخ بەرەو شكانە.
ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی كانوونی دووەم، عەبدولرەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەی دراو گۆڕینەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی دۆلار دوای ئەوەی گەیشتە 150 هەزار دینار، دوو رۆژە بەردەوام روو هەرزانبوونەوەیە.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ 100 دۆلار لە خوار 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەگەر ئەو هەرایەی هەیە دابمركێتەوە لەسەر گرانبوونی دۆلار بە دڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو مامەڵە بە 143 هەزار دینار دەبێت.
لە راگەیەنراوەكەدا بانكی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخی فەرمیی دۆلاردا رووی نەداوە و وەك خۆی جێگیرە كە 1320 دینارە بۆ هەر دۆلارێك.
لەبارەی ئەو بەرزبوونەوەیەی لە بازاڕەكاندا هەیە بانكەكە دەڵێت، ئەو نرخە بەرزەی ئێستە مامەڵەی پێوە دەكرێت، پێوەندیی بە خواستی بازاڕی فەرمییەوە هەیە لە دەرەوەی سیستمی ئەو بانكە رێگەپێدراوانەی كاری حەواڵەی دەرەكی دەكەن.
بانكی ناوەندی هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی دۆلار لە بازاڕی رەش (بازاڕی هاوتەریب)، بۆ جێبەجێكردنی "باجی گومركی پێشوەختە" دەگەڕێنێتەوە كە وایكردووە خواست لەسەر دۆلار لە دەرەوەی سیستمی بانكی زیاد بكات.
بەپێی راگەیەنراوەكە، وەرگرتنی باجی گومركی پێشوەختە بۆ مەبەستی حەواڵە، گوشارێكی گەورەی لەسەر بازرگانان و داواكارانی دۆلاری نەقد دروست كردووە، ئەمەش هۆكاری سەرەكیی بووە بۆ لاوازبوونی دینار لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا.
لە كۆتاییدا بانكی ناوەندی دووپاتیی لەوە كردووەتەوە، بەردەوامن لە چاودێریكردنی بازاڕ و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ جێگیركردنی نرخ و پاراستنی بەهای دراوی نیشتمانی.