بانكی TBI كێشەیەكی زۆری بۆ مووچەخۆران دروست كردووە، هەژماری من هۆشداریی دەداتە بانكەكە ئەگەر كێشەكانی چارەسەر نەكات، رێكاری بەپەلە دژيان دەگرنەبەر.
دوو مانگە مووچەخۆرانی سلێمانی بەدەست كێشەكانی بانكی TBIدەناڵێنن، داوای چارەسەری بەپەلە دەكەن.
پێشتر بەشی زۆری مووچەخۆرانی سلێمانی بەهۆی كاریگەریی راگەیاندنی چەواشەوە، داوایان دەكرد مووچەكانیان لە رێگەی ئەو بانكەوە بدرێت، ئەمەش وایكرد رێژەیەكی زۆری مووچەخۆرانی سنوورەكە لەو بانكە ناویان تۆمار بكەن.
بانكی TBI تاكە بانكی حكوومییە كە بەشدارە لە پڕۆژەی هەژماری من، مانگانە نزیكەی 30 هەزار فەرمانبەری گشتی لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەیەوە مووچە وەردەگرن، زۆربەیان لە سلێمانین.
بانكەكە تا ئێستە تەنیا 20 ATMـی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا هەیە، زۆربەیان لە سلێمانین و ئەوەش وایكردووە لە كاتی دابەشكردنی مووچەدا، مووچەخۆران تووشی كێش ببن و بەشێك لەو ATM زوو زوو پارەیان تێدا نەمێنێت و بەشێكیشیان قەرەباڵغی لە چواردەوریان دروست بێت.
بانكەكە ڕای گەیاندووە، ناتوانێ ئامێر لە دەرەوەی ناوەندەكانی شار دابنێت، فەرمانبەرانیش گلەیی ئەوە دەكەن كە بانكەكە تاكە بانكی پڕۆژەی هەژماری منـە، كرێی كردنەوەی هەژمار لە مووچەخۆرانی وەردەگرێت كە لە نێوان 15 هەزار بۆ 25 هەزار دیناردایە.
بەشێك لە فەرمانبەران دەڵێن، تەنیا بەشێكی مووچەكەیان لە ئامێری ATM وەرگرتووە، هەندێك مووچەخۆر ملیۆنێك دیناریان ڕاكێشاوە، ئامێرەكە تەنیا 500 هەزاری پی َداون، كەچی پارەكە لە هەژمارەكەیان كەم بووەتەوە. كاتێكیش مووچەخۆران ئەو كێشەیەیان گەیاندووەتە بانكەكە، داوایان لێ كراوە فۆرمی سكاڵا پڕ بكەنەوە و بڕە پارەیەك بدەن، بەبێ ئەوەی كێشەكەیان چارەسەر بكرێت.
سەرچاوەیەك لە تیمی هەژماری من ڕای گەیاند: چەندان جار ئاگاداری بانكەكە كراوەتەوە، ئەگەر كێشەكانیان چارەسەر نەكەن و ATM زیاد نەكەن، لە پڕۆژەكە لایان دەبەن، بڕیاریان داوە بەزووترین كات چارەسەری ئەو كێشانە بكەن.