نرخی دۆلار لە بەیانیی ئەمڕۆوە هەزار دینار دابەزیوە، ئەمەش نزمترین نرخی ماوەی یەك مانگی رابردووە. دۆلارفرۆشێكیش دەڵێت، تا هەفتەی داهاتوو دەگاتە 142.
ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی كانوونی دووەم، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەی دراوگۆڕینەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی دۆلار دوای ئەوەی گەیشتە 150 هەزار دینار، بەردەوام روو هەرزانبوونەوەیە.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ 100 دۆلار لە كاتی بەیانی بە 145 هەزار و 800 دینار بوو، بەڵام بەرەو نیوەڕۆ دابەزیوە بۆ 144 هەزار و 800 دینار، ئەگەر ئەو هەرایەی هەیە دابمركێتەوە لەسەر گرانبوونی دۆلار، بە دڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو مامەڵە بە 142 هەزار دینار دەبێت.
لە دواین راگەیەنراودا بانكی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخی فەرمیی دۆلاردا رووی نەداوە و وەك خۆی جێگیرە كە 1320 دینارە بۆ هەر دۆلارێك.
لەبارەی ئەو بەرزبوونەوەیەی لە بازاڕەكاندا هەیە بانكەكە دەڵێت، ئەو نرخە بەرزەی ئێستە مامەڵەی پێوە دەكرێت، پێوەندیی بە خواستی بازاڕی فەرمییەوە هەیە لە دەرەوەی سیستمی ئەو بانكە رێگەپێدراوانەی كاری حەواڵەی دەرەكی دەكەن.
بانكی ناوەندی هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی دۆلار لە بازاڕی رەش (بازاڕی هاوتەریب)، بۆ جێبەجێكردنی "باجی گومركی پێشوەختە" دەگەڕێنێتەوە كە وایكردووە خواست لەسەر دۆلار لە دەرەوەی سیستمی بانكی زیاد بكات.
بەپێی راگەیەنراوەكە، وەرگرتنی باجی گومركی پێشوەختە بۆ مەبەستی حەواڵە، گوشارێكی گەورەی لەسەر بازرگانان و داواكارانی دۆلاری نەقد دروست كردووە، ئەمەش هۆكاری سەرەكیی بووە بۆ لاوازبوونی دینار لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا.