لەمەودوا مریشكی كوردستان بەفەرمی بۆ شارەكانی عێراق دەنێردرێت. فیراس سدیق رای گەیاند، پێشتر مریشكی زیندووی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی نافەرمی كە لە بازگەكان بڕە پارەیەك لە بازرگانەكان وەردەگیرێت، هەناردەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەكرێت.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ ڕای گەیاند، لەمەودوا بەفەرمی مریشك لە كوردستانەوە بۆ شارەكانی عێراق دەنێردرێت .
گوتیشی، تا ئێستە بەشێوەیەكی نافەرمی نێردراوە و لە بازگەكان بڕە پارەیەك لە بازرگانەكان وەرگیراوە، بەو شێوەیە بەردەوام نابێت.
ئەوەشی گوت، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە لە 15ـی كانوونی دووەمەوە هاوردەی مریشكی بەستوو لە وڵاتانی دەرەوە قەدەغە بكات، بۆیە بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە دوای 15ـی مانگەوە هەناردەی مریشكی زیندووی هەرێمی كوردستان، بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەست پێ دەكات.
ئاماژەی بەوەش دا، ئامادەكاری كراوە لە كاتی ناردنی مریشك بۆ عێراق، نرخی لە بازاڕەكانی هەرێم بەرز نەبێتەوە.
لە هەرێمی كوردستاندا 2005 كێڵگەی پەلەوەری هەن، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشك بەخێو دەكەن، بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی مریشك دەگاتە نزیكەی 300 هەزار تۆن، لە كاتێكدا پێداویستیی ناوخۆ 150 هەزار تۆنە، واتە ساڵانە نزیكەی 150 هەزار تۆن گۆشتی مریشك لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە.