سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رای گەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەكان لە حەلەب، كارەساتێكی مرۆیی ڕووی داوە و زیاتر لە 150 هەزار كەس لە گەڕەكە كوردنشینەكان ئاوارە بوون، دووپاتیش دەكاتەوە كە تیمەكانیان لە عەفرین كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕای گەیاند: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، زیاتر لە 150 هەزار هاووڵاتیی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، بەهۆی هێرشەكانی سوپای سووریاوە ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە. تا ئێستە نزیكەی 23 هەزار خێزان گەیشتوونەتە سنووری عەفرین."
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم شەپۆلە گەورەیەی ئاوارەبوون دوای ئەوە هات كە بەهۆی پێكدادانەكانەوە، دەیان كەس لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و هاووڵاتۆیانی سڤیل گیانیان لە دەست دا و بارودۆخی مرۆیی ناوچەكە بەتەواوی تێكچوو.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دووپاتی لەسەر سەختیی بارودۆخی ئاوارەكان كردەوە و گوتی: "ئاوارەكان لە دۆخێكی زۆر خراپدان. ئێمە لە ڕێگەی نووسینگەی عەفرینەوە دەستمان كردووە بە پێشكەشكردنی هاوكارییەكان كە بریتین لە خزمەتگوزاریی تەندروستی|، دابینكردنی تیم و پێداویستی پزیشكی بۆ بریندار و نەخۆشەكان و خۆراك و پێداویستی، دابەشكردنی خواردنی گەرم، پاكێجی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان.
گوتیشی، هاوئاهەنگۆی نێودەوڵەتی: پێوەندی بەردەواممان لەگەڵ ڕێكخراوە جیهانییەكان هەیە بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی زیاتر و یارەمەتیدانی خەڵكی ئەو دوو گەڕەكە.
جێی ئاماژەیە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە لە دوای بوومەلەرزەكەی ساڵی 2023ـەوە نووسینگەی فەرمی لە عەفرین هەیە، ئێستە وەك تەنیا هیوای مرۆیی بۆ ئاوارەكانی حەلەب دەردەكەوێت و قۆناغ بە قۆناغ بەردەوام دەبێت لە فراوانكردنی كارەكانی بۆ ڕزگاركردنی لێقەوماوان.