بۆ فشار خستەسەر هەرێم.. حكوومەتی عێراق سێ خاڵی گومرگی دەكاتەوە

:: AM:09:06:13/01/2026 ‌
سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە پلانیاندایە  خاڵی گومرگی لە سێ پارێزگای نزیك لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكەن.

لیوا عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان لەبارەی  ئاستەنگەكانی بەردەم دەروازەكان، بۆ كەناڵی عێراقییەی حكوومی ئاشكرای كردووە، یەكێك لە ئاستەنگەكان بوونی دەروازە سنوورییە نافەرمییەكانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

ئەوەشی گوتووە، ئەمانە راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر دەروازە سنوورییە فیدراڵییەكان هەیە، بۆیە راپۆرتێكی ورد پێشكەش بە پەرلەمان كراوە، لەناویاندا ناو و شوێن و كاری ئەم دەروازانە روون كراوەتەوە.

پێشنیاریشی كردووە كە بەداخستنی ئەو دەروازە نافەرمییانە، داهاتی حكوومەت بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات.

روونیشی كردەوە، حكوومەت رێوشوێنی جێگرەوەی گرتووەتەبەر، لەوانە جێگیركردنی خاڵی پشكنین و بنكە گومرگییەكان لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك و دیالە، بۆ كۆكردنەوەی جیاوازی گومرگی نێوان دەروازە سنوورییە فیدراڵی و هەرێمییەكان، ئەمانەش بەشێوەی ئەلیكترۆنی بەناوەندەوە بەستراونەوه.

دەشڵێت، ئامانجیش لە كردنەوەی ئەم بنكانە، كۆكردنەوەی جیاوازیی ئەو بڕە پارەیەی كە لەسەر كاڵاكان وەردەگیرێت، دەستەبەركردنی باجی گومرگی یەكگرتووە لە سەرانسەری عێراق، هەروەها بۆ رێگریكردنە لە هەر ناتەبایی یان جیاكارییەك كە لە نێوان دەروازە سنوورییەكاندا هەبێت.



وشە - سۆران عەزیز