مووچەی پێنج هەزار فەرمانبەر لە سلێمانی گوازرایەوە

:: AM:09:09:13/01/2026 ‌
بەهۆی كێشەكانی بانكی تی بی ئای، زیاتر لە پێنج هەزار مووچەخۆر داوایان كردبوو مووچەكانیان لەو بانگە بگوازرێتەوە و حكوومەتی هەرێم داواكەیانی جێبەجێ كرد و گواستنییەوە.

لە ماوەی رابردوودا مووچەخۆران گلەییان لە بانكی تی بی ئای كرد بەوەی كێشە بۆ مووچەكانیان دروست دەكات، ئای تی ئێمی پێویستی دانەناوە و بۆ ئەمەش حكوومەت چەند جارێك هۆشداریی بەبانكەكە دا.

بانكی تی بی ئای، مووچەی زیاتر لە 30 هەزار مووچەخۆر مانگانە لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری منەوە دابەش دەكات.

سەرچاوەیەك لە پڕۆژەی هەژماری من، بە"وشە"ی  ڕاگەیاند: بەهۆی خراپیی خزمەتگوزارییەكانیانەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووچەخۆری زانكۆی سلێمانی كە مووچەكانیان سەربە بانكی تی بی ئای بوو، گوازرانەوە بۆ بانكێكی تری دڵخوازی خۆیان. 

بەگوێرەی سەرچاوەكە، بانكی تی بی ئای بەردەوام خراپترین خزمەتگوزاریی لە پڕۆژەكەدا پێشكەش كردووە، لە توانایدا نییە ئەم ژمارە كەمە لە هەژماری بانكی بەڕێوە ببات، هەر ئەمەش وایكردووە مووچەخۆرانی زانكۆی سلێمانی خۆیان داوای گۆڕینی بانكەكەیان لە تیمی هەژماری بكەن.

ئەم داواكارییە دوای ئەوە هات كە بانكەكە بەردەوام كێشەی خزمەتگوزارییەكانی لە مانگەكانی پێشووی دابەشكردنی مووچەدا هەبووە و بەدەم ئەو داوایانە نەهاتووە.

ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر فەرمانبەرانی سلێمانی، خۆیان داوای ئەو بانكەیان كردووە و لەسەر داوای ئەوان ئەو بانكە بۆ پڕۆژەی هەژماری من زیاد كرا.

هەژماری من ئاماژە بەوەش دەكات، ئەم هەنگاوە پەیامێكی ڕوونە بۆ هەموو بانكەكانی ناو پڕۆژەی هەژماری من، خزمەتگوزاریی خراپ قبووڵ ناكرێت، هەر بانكێك كێشەی خزمەتگوزاریی هەبێت، ڕووبەڕووی هەنگاوی هاوشێوە دەبێتەوە، چونكە پڕۆژەی هەژماری من ئامانجی ئەوەیە كە باشترین ئەزموون و خزمەتگوزاری بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان فەراهەم بكات.



وشە - سۆران عەزیز