عێراق هاوردەی پێكهاتەكانی مریشك قەدەغە دەكات و كوردستان بۆی دابین دەكات

:: AM:11:04:13/01/2026 ‌
لەسەر داوای جووتیارانی كوردستان، لە رۆژی پێنجشەمی داهاتووەوە، عێراق بڕیاری راگرتنی هاوردەی بەرهەمەكانی پەلەوەر وەك سینگ و ڕان و باڵی مریشك جێبەجێ‌ دەكات، ئەندامێكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەڵێت، كوردستان دەتوانێ پێداویستی تەواوی عێراق دابین بكەین.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی كانوونی دووەم، زانا عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان، بە"وشە"ـی راگەیاند، لەسەر داوای ئێمە، لە ڕۆژی پێنجشەمی داهاتوو 15ی كانوونی دووەم، هاوردەی بەرهەمی مریشكی بەستوو بۆ تەواوی عێراق قەدەغە دەكرێت.

زیاتر گوتی، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق وەڵامی داوایەكی ئێمەی دایەوە بە قەدەغەكردنی هاوردەی پێكهاتەكانی مریشك و بەوەیش بەرهەمی ناوخۆیی دەبووژێتەوە و كوردستان دەتوانێ پێداویستی ناوخۆی هەموو عێراق بەو بەرهەمانە پڕ بكاتەوە.

قەبارەی بەرهەمی هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی مریشكدا دەگاتە 270 هەزار تۆن، لە بەرانبەردا خواستی ناوخۆیی 147 هەزار تۆنە.

زانا دووپاتی دەكاتەوە كە بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان نەك تەنیا پێداویستیەكانی هەرێم پڕ دەكاتەوە، بەڵكو دەتوانین پێداویستی تەواوی عێراق لە گۆشتی پەلەوەر دابین بكەین كە هەم داهاتی ناوخۆ دەبووژێتەوە هەم هاندانیشە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەكان و بەگەڕخستنی دەستی كاری ناوخۆیی زیاتر.

لە هێلكەدا هەرێمی كوردستان پێوستی ڕۆژانەی حەوت هەزار كارتۆنە، بەڵام ئێستە رۆژانە 16 هەزار و 500 كارتۆن هێلكە بەرهەم دێت.

بە گشتیی لە كوردستان پیشەسازی پەلەوەر گەشەكردنی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە و بەردەوامیش گەشە دەكات، ئێستە هەموو پێكهاتەكانی مریشك بە زیندووی و بەستووری لە بازاڕەكاندا بەردەستن و نوێن، بۆیە گرنگیدان بەمە هەم بۆ سەلامەتی هاووڵاتییان بایەخی هەیە و هەمیش بووژانەوە دەخاتە بازاڕی كارەوە.


وشە - رامیار جەواد