لە شاری هەولێر بە بەشداری دەیان كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی، یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی تایبەت بە كەلوپەلی لۆجستیك كرایەوە و ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی كانوونی دووەم، هۆشمەند ئەبابەكر بازرگان و بەشدار لە پێشانگاكە، بە "وشە"ـی راگەیاند، یەكەم پێشانگای لۆجستیك لە هەولێر كرایەوە، ئەمڕۆ تا 18ـی ئەم مانگە، پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پاركی سامی عەبدولڕەحمانە، ئەو پێشانگایە تایبەتە بە ئامێر و كەرەستەكانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی، لە پاڵ كۆمپانیا خۆماڵییەكان، چەند كۆمپانیایێكی نێودەوڵەتیش ئامادەن و بەشدارن لە پێشانگاكە.
زیاتر گوتی، كۆمپانیاكانی تایبەت ئەوانەی لە بواری گواستنەوەی كەلوپەل كاردەكەن بەشدارن، ئەمەیش لەپێناو گەشەپێدانی ئابووریی كوردستانە.
روونی كردەوە، ئامانجی سەرەكی پێشانگاكە بریتیيە لە ناساندن و پەرەپێدانی لۆجستیەكان لە هەرێمی كوردستان و دروستكردنی پێوەندی لە نێوان كۆمپانیا خۆماڵییەكان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییە تایبەتیەكانی بەشی گواستنەوە.
باسی لەوەش كرد، سوودە ستراتیژییەكانی ئەم پێشانگایە بریتین لە ناساندنی تواناو پێداویستیەكانی بەشی لۆجستیك لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، هەروەها هۆكارێكە بۆ ئاشناكردنی بازرگانان و كەرتی تایبەت بە نوێترین تەكنەلۆژیای ئەم بوارە.