لە چوارچێوەی 56ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، "ماڵی كوردستان" دەرگەی بە ڕووی بەشداران و میوانانی كۆڕبەندەكەدا دەكاتەوە.
لە ماوەی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی 2026، "ماڵی كوردستان" ڕۆژانە پێشوازیی لە میوانان و بەشداران دەكات. دەرگای كراوە دەبێت بۆ گفتوگۆی بەسوود و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی دەرفەت و ئاستەنگە ناوچەیی و جیهانییەكان، ئەمەش لەگەڵ پێشكەشكردنی میوانداریی كوردەواری و "چای كوردی".
ئەمساڵ مەسروور بارزانی لە "ماڵی كوردستان" چەندان دیدار و كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەركردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان و خاوەنكار و ئابووریناسانی دنیادا دەبێت.
ماڵی كوردستان، بۆ یەكەمجار لە كۆڕبەندی داڤۆسی ساڵی 2024 لە ایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرایەوە. وەك پلاتفۆرمێكی تایبەت كار دەكات بۆ نمایشكردنی تواناكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی بۆ دنیای دەرەوە.
ئامانجی سەرەكیی ئەم ماڵە، كردنەوەی دەروازەیەكە بۆ پێشاندانی پۆتانسییەلی هەرێم وەك ناوەندێك بۆ وەبەرهێنان و داهێنان، هەروەها پەرەپێدانی دەرفەتەكان بۆ هاوبەشیی جیهانی و گەشەی ئابووری.
.