وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند سەعاتی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی یەك رەوانەی بەغدا دەكات. بەڵام زانیارییەكە تەنیا ئەوە نییە، بەڵكو "وشە" نوێترین گۆڕانكارییەكانی لەوبارەیەوە دەست كەوتووە.
ئەمڕۆ دووشەم 19ی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی راگەیاند، لیستی مووچەی مانگی یەك رەوانەی بەغدا دەكرێت و تا چەند سەعاتی داهاتوو بە تەواوی ئامادە دەبێت.
بە گوتەی ئەو هاتنی مووچەی مانگی یەك هیچ كێشەیەكی تێدا نییە و لەكاتی خۆیدا رەوانە دەكرێت، چونكە بڕیارە لە سبەینێوە بەغدا دەست بە تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بكات و لەو چوارچێوەیش دوای گەیشتن لیستی مووچە و 120 ملیار دینارەكە مووچەی كوردستان رەوانە دەكرێت.
لەلایەكی ترەوە، فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رای گەیاند، مووچە هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبووە و هەروەك مانگەكانی پێشوو لە كۆتایی مانگدا رەوانە دەكرێت.
لەبارەی مووچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردوو، فارس عیسا گوتی، ئەو مووچانە بە بیانووی جۆراوجۆر و سیاسیی نەنێردران، بەڵام ئێستە هەولێك هەیە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و ئەو مووچانە بە میكانیزمێك رەوانە بكرێن.
لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا، دووپات لەوە كرایەوە كە شاندی راسپێردراون بەردەوام بن لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ رەوانەكردنی تەواوی مووچەكان.