لەبارەی دابەشكردنی پارەی ئەو بڕە گەنمەی لە ساڵی 2015 تا ئێستە بەشێك لە جووتیاران وەریان نەگرتووە، دواین كات دیاری كرا.
ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی كانوونی دووەم، میران بەختیار بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، وەك سایلۆی هەولێر ئەو جووتیارانە ئاگادار دەكەینەوە كە پارە چەكی 2015 یان وەرنەگرتووە، بە زووترین كات سەردانمان بكەن.
زیاتر گوتی، ئەو كاتەی دیاری كراوە لە رۆژی یەكشەم 25ـی كانوونی دووەم تا 10ـی شوباتە، پێویستە سەردانی سایلۆی هەولێر بكەن بۆ پێشكەشكردنی ئەو بەڵگەنامانەی كە دەیسەلمێنن، چەكیان وەرنەگرتووە یان ئەو چەكە لەگەڵ خۆیان بێنن كە وەریانگرتووە، بەڵام لە بانك بۆیان خەرج نەكراوە.
ئەوە لە كاتێكدایە ئەو بڕە پارەیە پێشوو لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ چەند ساڵێك ناردنی دواخرا، بەڵام بە هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، توانرا لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو پارەیە بگەڕێنرێتەوە.