وەزارەتی بازرگانیی عێراق: بەشەخۆراك وەك خۆیەتی كەم نەكراوەتەوە

:: PM:12:04:24/01/2026 ‌
وەزارەتی بازرگانی عێراق رای دەگەیەنێت، هیچ گۆڕانكارییەك لە بابەتی بەشەخۆراك نەكراوە، مادەكان وەك خۆیەتی و هەر هاووڵاتییەك وەك خۆی وەریدەگرێت.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی كانوونی دووەم، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە كەمكردنەوەی بەشەخۆراك دەكەن، ناڕاستن كە لەبارەی لابردنی كەلوپەل لە سیستمی بەشەخۆراكدا بڵاو بوونەتەوە.

ئەو وەزارەتە دووپاتیشی كردەوە كە بەشەخۆراك بۆ هەر هاووڵاتییەك بەتەواوی دابەش دەكرێت و بەبێ هیچ كەموكورتییەك دابەش دەكرێت.

وەزارەت ڕوونی كردەوە كە بەشەخۆراكەكە، بریتییە لە 9 كیلۆ ئارد و 3 كیلۆ برنج و 1 كیلۆ شەكر و 1 كیلۆ پاقلەمەنی، لەگەڵ ڕۆنی زەیت و دۆشاوی تەماتەش.

ئاماژەی بەوەش كردووە، كۆگەكانی یەدەگی باش و پێویستیان تێدایە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی دابەشكردن بەپێی پلانی پەسندكراو، هەروەها وەك وەزارەتی بازرگانی دووپات لەوە دەكەینەوە، ڕێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرینەبەر بەرانبەر ئەو كەسانەی دەنگۆ بڵاو دەكەنەوە كە مەبەست لێی چەواشەكردنی ڕای گشتی و هاندانی دڵەڕاوكێی لای هاووڵاتییانە.



وشە - رامیار جەواد