وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە نیازە بڕ و مادەكانی بەشەخۆراكی تایبەت بە مانگی ڕەمەزان زیاد بكات، هاوكات پێشنیازێك تاوتوێ دەكات بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە لە ڕێگەی كۆمەڵە هەرەوەزییەكان یان لە (هایپەرماركێت)ـە سەربەخۆكانی وەزارەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 28ـی كانوونی دووەم، لاما مووسەوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراك لە وەزارەتی بازرگانی ڕای گەیاند، وەزارەت وەك هەوڵێك بۆ بەڕێوەبردنی باشتر و گەیاندنی شایستەی بەشەخۆراك بە هاووڵاتییان، پێشنیازێكی لە بەردەستە بۆ دروستكردنی كۆمەڵەی هەرەوەزی لە بەغدا و پارێزگاكان بە مەبەستی دابەشكردنی خۆراك.
زیاتر گوتی، بەپێی پێشنیازەكە، خۆراكەكان لە ڕێگەی ئەو كۆمەڵانەوە و بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك دابەش دەكرێن، یان وەك بژاردەی دووەم لە ڕێگەی (هایپەرماركێت)ـەكانی سەربە وەزارەت و لە چوارچێوەی سیستمێكی دەوڵەتی دابەش دەكرێن.
ئەم هەنگاوەی وەزارەت لە كاتێكدایە بڕیار درا بۆ بەشەخۆراكی هەر هاووڵاتییەك بڕی هەزار دینار وەربگیرێت، ئەوەیش بۆ ئەوەی گۆڕینی سیستمەكە بۆ ئەلیكترۆنی و هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی پارە بە دەستی.
ئاشكرای كرد كە وەزارەت بڕیاری داوە پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، بڕ و جۆری بابەتەكانی بەشەخۆراك زیاد بكات و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بكات.