بەهای تمەن لە دابەزین بەردەوامە

:: PM:09:29:28/01/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەكانی لێدانی ئێران لە لایەن ئەمەریكا و پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە و بێتوانایی تاران لە چارەسەركردنی ئەو تەنگژە قووڵ دارایی و ئابوورییەی بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا تێی كەوتووە، دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە بەرەو خراپترە، ئەمڕۆ بەهای تمەنی ئێران ژمارەیەكی تری پێوانەیی لە دابەزین تۆمار كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم بەهای تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی گەیشتە 1.6 ملیۆن تمەن، بەوەش گەیشتە نزمترین ئاستی و ئەو دابەزنە پێوانەییەش دووەم رۆژە لەسەر یەك كە دوێنێ سێشەم بەهاكەی گەیشتە 1.5 ملیۆن تمەن.

ئەو دابەینەی بەهای تمەن، دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی مادە خۆراكی و كاڵاكانی تر لەو وڵاتە، كار لە داهاتی خەڵك و توانای كڕینی كەرەستە پێویستەكانی ژیانیان دەكات، وەك سووتەمەنی و بەنزین و دەرمان، بەوەش ئاستی ناڕەزایەتییەكانی هاووڵاتییان بەرانبەر بە بێتوانایی حكوومەت و بەردەوامبوون لە سیاسەتەكانی زیاتر دەكات.

ئاڵۆزی و پەرەسەندنەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و شارەزایان پێشبینیی خراپتریش دەكەن، ئەمڕۆ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە 30 بۆ 40 هەزار سەربازی ئەمەریكی لە نۆ بنكەی سەربازین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموویان لەژێر هەڕەشەی درۆن و مووشەكەكانی ئێرانن، بۆیە هێزەكانمان لەوپەڕی ئامادەسازین بۆ بەرگریكرن لە خۆیان ئەگەر ئێران هێرشیان بكاتە سەر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل