لە عێراق دابەشكردنی مووچە دواكەوتووە، بەرپرسانی عێراق نهێنییەك هەیە لە هاووڵاتییانی دەشارنەوە، لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی مووچە بۆ رێكاری ئیداری و چەند شتێكی لاوەكی دەكەن، بەڵام راستیی بابەتەكە پێوەندیی بە ئەمەریكا هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی كانوونی دووەم، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" دەركەوتووە، هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە هیچ پێوەندیی بەو رێكارە ئیدارییانە نییە كە بەرپرسانی عێراق چەند رۆژێكە باسی دەكەن.
ئەوەش زانراوە، لە 14ـی كانوونی یەكەم رێكارە ئیدارییەكان دەستی پێ كردووە و لە 18ـی كانوونی دووەم سەرجەم رێكارەكان تەواو بوونە، بڕیارە نوێیەكانی حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی هەندێك خەرجی و دەستكاریكردنی دەرماڵەی بەشێك لە فەرمانبەران، لە سەرەتای ئەو هەفتەیە تەواو بووبوو.
بەپێی زانیارییەكان، یەكێك لە كێشە گەورەكانی دابەش نەكردنی مووچە لە عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دواكەوتنی فرۆشی نەوتی عێراق مانگانە تا ئێستە 60ـی پارەی نەگەڕاوەتەوە بۆ مانگی كانوونی دووەم، هەروەها ئێستە بە دوو كاروان لە ئەمەریكاوە دەگاتە بەغدا، كاروانی یەكەم گەیشتووە، بەڵام كاروانی دووەم بۆ ئەم مانگە دواكەوتووە، ئەوەش كاریگەریی لەسەر پرۆسەكە هەبووە.
بەپێی بەدواداچوونەكان ئەوەش دەركەوتووە، بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق، تا ئێستە توانیویانە مووچەی بەشێك لە وەزارەت و دەستە سەربازییەكان بدەن، كێشەی نەختینە و بوونی گرفت لە دابینكردنی پارەی كاش وەك ساڵی رابردوو بەردەوامی هەیە.
ئەوە لە كاتێكدایە دوو رۆژە هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی بۆ بەغدا ناردووە، لە هەمان كاتدا لە 25ـی كانوونی دووەم فەرمانی دابەشكردنی مووچە لە عێراق دەرچووە، بەڵام تا ئێستە پارەكەی هەرێمی كوردستان نەنێردراوە، هەروەها مووچەش دابەش نەكراوە.