شارەزایەك: دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە بەهۆی تەنگژەی سیولەوەیە

:: PM:09:53:29/01/2026 ‌

لە عێراق دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران دوا كەوتووە و ئەوەش خەڵكی نیگەران كردووە، شارەزایەكی ئابووری ئاماژە دەكات كە دواكەوتنەكە لەبەر چەند هۆكارێكە، لەوانە تەنگژەی سیولە، واتە بەردەستنەبوونی پارەی كاش.

جەلیل لامی شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، هۆكاری دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆران تەكنیكییە بەهی خراپیی ئیدارەدانی حەواڵەكردن لە نێوان وەزارەتی دارایی و بانكەكان، جیا لە كێشە لە دۆسیەی ئەلیكترۆنی و بوونی تەنگژەی سیولەی دیناری عێراقی، ئەوانە كاریگەرییان لەسەر خەرجكردنی مووچە هەبووە و پێو وایە دوای بەیاننامەكەی وەزارەتی دارایی كێشەكە چارەسەر كراوە.  

سەبارەت بە هەڵكشانی ئەم دواییەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق گوتی، نرخی دۆلار وەستاوەتە سەر خواست و خستنەڕوو، بەرزبوونەوەی نرخیشی لە بازاڕ بەهۆی زیادبوونی خواستە لەسەری لە لایەن بازرگانانی بچووك بۆ پڕكردنەوەی پێویستییان لە دۆلار، جیا لە دەنگۆی بازرگانانی دۆلار بۆ قازانجكردن.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەت لە رێگەی لیژنەكانەوە چاودێریی بازاڕ و بانكەكان بكات بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلار، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزان و گرانبوونی نرخ زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل