سی ئێن ئێن: ترەمپ دیراسەی كۆنترۆڵی نەوتی عێراقی كردووە

:: AM:09:17:30/01/2026 ‌
سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرای دەکەن، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە وردی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی نەوتی عێراق دەکات، بەڵام بەهۆی بێمتمانەیی عێراقییەکان بە ئەمەریکا، بەرهەمهێنان تووشی گرفت بووە.

ئەمڕۆ هەینی، تۆڕی هەواڵی CNN بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ لێکۆڵینەوەی لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی ئەمەریکا لەگەڵ سەرچاوە نەوتییەکانی عێراق کردووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا و بەر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمەریکا بۆ گرتنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا، ئامادە کراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەم، دەرکەوتووە کە گومانی عێراقییەکان لە نیازەکانی ئەمەریکا، بووەتە ڕێگر لەبەردەم هەوڵەکانی واشنتن بۆ زیادکردنی خێرای بەرهەمهێنانی نەوت.

بەپێی سەرچاوەکان، ئاستی بێمتمانەیی بە ئەمەریکییەکان لە ناو کرێکارانی کەرتی نەوتی عێراقدا هێندە بەرز بووە، گەیشتووەتە ئاستی "تێکدانی ناوخۆیی"، ئەمەش زیانی بە توانای زیادکردنی بەرهەمهێنان گەیاندووە.

تا ئێستە ڕوون نییە ئایا دۆناڵد ترەمپ ئاگاداری وردەکاریی ئەو ڕاپۆرتە بووە یان نا، بەڵام ناوبراو هەمیشە ڕەخنەی لە بڕیارەکانی پێشووی ئەمەریکا هەبووە و بەردەوام دەڵێت "ئەمەریکا دەبوو دەستی بەسەر نەوتی عێراقدا بگرتایە".


وشە - پۆڵا مەحموود