راگرتنی هاوردەی تەماتە نرخ بەرز ناكاتەوە

:: AM:09:04:02/02/2026 ‌
وەزارەتی‌ كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ هەرێمی‌ كوردستان رای گەیاند، لە پێناو پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق، بڕیار درا بە قەدەغەی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت، دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدەین نرخ بەرز نابێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم دووی شوبات، رەحمان دزەیی ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، راگرتنی هاوردەی تەماتە بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی شارەكانی خوارووی عێراقە.

زیاتر گوتی، بڕیاری قەدەغەی هاوردە بەمەرجی گران نەبوونی نرخەكەیەتی و نابێت بەهیچ شێوەیەك نرخەكەی بەرز ببێتەوە.

باسی لەوەش كرد، ئێستە تەماتەی خۆمان تەنیا لە ژوورە پلاستییەكان هەیە، ئەوەشی لە ساردكەرەوە هەڵگیراوە، لەگەڵ تەماتەی لە شارەكانی عێراق هاوردە دەكرێت، بۆیە تەماتەی ئێرانی هاوردەی قەدەغە كراوە.

وەزارەتی‌ كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ هەرێمی‌ كوردستان رای دەگەیەنێت، نووسراوی فەرمیی وەزارەت ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەكان و دامەزراوەكانی پێوەندیداری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، بە مەبەستی گرتنەبەری رێككاری كارگێڕی و یاسایی پێویست، وەك پاڵپشتییەك بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان و جووتیارانی ناوچەكانی بەسرە كە ساڵانە هاوئاهەنگییەكی باش لە نێوانیاندا هەیە.


وشە - رامیار جەواد