ڕاوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، ڕێژەی قەرزی ناوخۆ لە عێراق ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و بەردەوام بەسەریەكەوە كەڵەكە دەبێ، ئێستەیش عێراق 89 تریلیۆن دینار قەرزی ناوخۆی لەسەرە.
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری ئابووری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێكی بۆ
میدیاكانی عێراق ڕای گەیاندووە، بەگوێرەی ئەو چارەسەرانەی كە دەسەڵاتی دارایی عێراق لە چوارچێوەی بەرنامەی حكوومەت گرتوویەتیەبەر، هەنگاو بۆ فرەجۆركردنی سەرچاوەی داهات و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە قەرزی دەرەكی دەنێت، هاوتەریب لەگەڵ ئەمەیش چاكسازی ئابووری لە ڕێگەی دووبارە ڕێكخستنەوەی بانكە حكوومییەكان، گرتنەبەری فەلسەفەی هاوبەشیكردنی لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت كاری لەسەر دەكرێ.
لەبارەی ڕێژەی ئێستەی قەرزی دەرەكی و ناوخۆ ساڵح گوتی، ئێستە عێراق 13 ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی هەیە، هاوكات ڕێژەی قەرزی ناوخۆیش ڕوو لە بەرزبوونەوەدایە و گەیشتووە بە نزیكی 89 تریلیۆن دیناری عێراق.
لە بەشێكی تری قسەكانی ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕوونی كردووەتەوە، ئێستە حكوومەت كار دەكەن كە قەرزی ناوخۆ بگۆڕێت بە دەرفەتی پەرەپێدان و وەبەرهێنان، بەمشێوەیەكی ئەو بارە قورسەی كەوتووەتە سەر شانی دارایی عێراق كەم دەبێتەوە. ئەوەیشی نەشاردەوە كە بەردەوامیی بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆ، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاستی گوزەران و قووتی هاووڵاتییانی عێراق دەبێت.
تا ئێستە عێراق ڕێژەی ڕەهای داهاتی ساڵانەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەكەوێ، هەرچەند لە هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورە بە ئاراستەی فرەجۆركردنی داهات نراوە، بەڵام حكوومەتی عێراق لەو ڕووەوە تا ئێستە هەنگاوی ڕژدی نەناوە، هەرچەند لە كارنامەی حكوومەتی سوودانی ئەوە بە ڕوونی هاتووە، كە حكوومەت كار لەسەر پەرەپێدان و دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات دەكات.