بەهۆی كێشەی نەختینەوە، هەردوو بانكی ڕەشید و ڕافیدەین دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی خانەنشینانی عێراقیان دابەش نەكرد.
"شەفەق نیوز" لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرای كردووە، هەردوو بانكی حكوومی ڕافیدەین و ڕەشید، تا ئێستە مووچەی خانەنشینانیان بەهۆی نەبوونی نەختینەی داراییەوە دابەش نەكردووە، لە كاتێكدا بڕیار وابوو دوێنێ دەست بە دابەشكردنی بكرێت.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كردووە، قەیرانی دارایی ئێستە بووەتە هۆی دواكەوتنی مووچەكان. ئاماژەی بەوەش كردووە كە لایەنە پێوەندیدارەكان چاوەڕێی دابینكردنی تەرخانكراوی دارایی و پارەی پێویستن بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەی خەرجكردنەكە بكەن.
بەشێوەیەكی ئاسایی، مووچەی خانەنشینان لە عێراق لە چەند ڕۆژی یەكەمی هەموو مانگێكدا (لە نێوان یەكەم تا ڕۆژی پێنجەم) دابەش دەكرێت، هەندێك جار ئەگەر سەرەتای مانگ بكەوێتە پشووی فەرمییەوە، پێش دەخرێت.
پێشتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە كە بانكی ڕەشید دوێنێ دەستی بە دابەشكردنی مووچە كردووە و پاش ماوەیەكی كورت ڕایگرتووە، چونكە كورتەنامە (SMS) بۆ ژمارەیەك لە خانەنشینان چووە كە مووچەكانیان خراوەتە سەر كارتە ئەلیكترۆنییەكانیان.