بەرپرسێكی كۆمسیۆن رای دەگەیەنێت، دەست دەكرێ بە دابەشكردنی پارەی پاداشتی ئەو كەسانەی لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا بەشدار بوونە، وەك كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان.
ئەمڕۆ دووشەم دووی شوبات، جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رای گەیاند، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، میكانیزمی بۆ دابەشكردنی پاداشتی كارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان تەواو كرد.
دەشڵێت، پاداشتەكە بەكارتی بانكی ماستەركارد دەبێت و ئەم پرۆسەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی/بانكی ڕافیدەین هاوئاهەنگیی بۆ كراوە.
دەشڵێت، تا ئێستە كارتەكان گەیشتوونەتە حەوت پارێزگا كە بریتین لە كەركووك، دهۆك، بەسرە، بابل، هەولێر، میسان، نەجەف، هەروەها بەردەوام دەبین لە گەیاندنی كارتی بانكی ماستەركارد بۆ ئەو فەرمانگانەی هەڵبژاردن كە ماون و ئەو پارەیە پێیان بگات.
لەبارەی سوپاسنامە بۆ فەرمانبەرانی داودەزگا و بەشەكانی دەوڵەت، بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و سەرۆكی لیژنەی هەڵبژاردنی ستافی دەنگدان، عەلی ساڵح ئەلسەعدی دووپاتی كردەوە كە كۆمسیۆن بە فەرمی لە نووسراوێكدا ئاراستەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، تا هەموو كارمەندانی لەگەڵ كۆمسیۆن بەشدار بوونە سوپاسنامە وەردەگرن.
لە 11ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لەو هەڵبژاردنە زیاتر لە 150 هەزار فەرمانبەر بەشدارییان هەبوو.