بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم 48 ملیار دینار لە داهاتی سلێمانی بخرێتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ ئەوەی 120 ملیارەكە بۆ بەغدا بێتە ناردن.
وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم بەنووسراوێك داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكی ناوەندیی لقی سلێمانی كردووە كە 48 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بخاتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی، تا 120 ملیاری مانگانە بۆ بەغدا بێتە ناردن.
نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی بە واژووی ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی كراوە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكی ناوەندیی لقی سلێمانی كراوە، تێیدا داوا دەكات بڕی 48 ملیار دینار بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.
لە نووسراوەكە ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم بڕە پارەیە دەبێت بەشێوەی نەختینەیی بنێردرێت وەك داهاتی نانەوتی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی، بە"وشە"ی گوت، پارەكە ئامادەیە و ئەمڕۆ پێنجشەم 48 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی لە هەژماری بانكی ئاشتییەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر هەژماری بانكی منارە.
72 ملیاری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك ئامادەیە، بە ناردنی 48 ملیارەكەی سلێمانی و هەڵەبجەش، 120 ملیاری داهاتی نانەوتی داواكراو تەواو دەبێت.
بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی 120 ملیارەكە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەنێرێت، كە بەغدا وەك مەرجی ناردنی مووچەی كوردستان دایناوە.