بەهۆی نیگەرانیی وەبەرهێنەران لە خەرجییە زەبەلاحەکانی کەرتی ژیریی دەسکرد و دابەزینی پشکەکان، بەهای دۆلار بەرز بووەوە و نزیک بووەوە لە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا.
ئەمڕۆ هەینی شەشی شوباتی 2026، دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەرەو تۆمارکردنی باشترین ئەدای هەفتانە دەچێت لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ کاندیدکردنی کیڤن وارش لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی بانکی ناوەندی. بازاڕەکان پێشبینی دەکەن وارش گوشاری زۆر بۆ دابەزاندنی نرخی سوود نەکات، ئەمەش ترسەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی بانکی ناوەندی ڕەواندووەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، دابەزینی توندی پشکەکانی تەکنەلۆجیا لەم هەفتەیەدا، بەهۆی ترسە لە خەرجییە زۆرەکانی پەرەپێدانی ژیریی دەسکرد و کاریگەرییە خێراکانی لەسەر کەرتە جیاوازەکان، ئەمەش وای کردووە وەبەرهێنەران ڕوو لە دۆلار بکەن وەک پەناگەیەکی پارێزراو.
پێنوێنی دۆلار کە پێوانەی بەهێزیی دراوەکە بەرانبەر شەش دراوی سەرەکی دەکات، گەیشتە 97.961 خاڵ، کە نزیکە لە بەرزترین ئاستی لە 23ی کانوونی دووەمەوە.
دۆخی دراوەکانی تر:
یەن: بەرز بووەوە بۆ 156.74 بەر لە هەڵبژاردنەکانی ژاپۆن کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
یۆرۆ: گەیشتە 1.1784 دۆلار، دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەوروپا دوێنێ پێنجشەم بڕیاری دا نرخی سوود وەک خۆی بهێڵێتەوە.
پاوەند: دابەزینی بەرچاوی تۆمار کرد و لە 1.3520 دۆلار جێگیر بوو، دوای ئەوەی بانکی ئینگلتەرا نرخی سوودی دەستکاری نەکرد.
لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکاندا، نرخی بیتکۆین بە ڕێژەی 1.5% بەرز بووەوە و گەیشتە 64,158 دۆلار، دوای ئەوەی پێشتر نزمترین ئاستی لە تشرینی یەکەمی 2024ـەوە تۆمار کردبوو.