سعوودیە و قەتەر گەرەكیانە سووریایەكی نوێی سوننیی دەوڵەمەند بنیات بنێن، بۆ ئەمەش دەیان رێككەوتنی بازرگانیان واژوو كرد.
كۆمپانیای "فڵای ناس"ـی سعوودی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانیی هاوبەش لە نێوان دەستەی فڕۆكەوانیی شارستانیی سووریا دادەمەزرێنن، كە لایەنی سووری خاوەنی 51٪ی پڕۆژە هاوبەشەكە دەبێت و فڵای ناس خاوەنی 49٪ دەبێت، چاوەڕوان دەكرێت لە چارەكی كۆتایی ساڵی 2026دا دەست بە كارەكانی بكات.
ڕێككەوتننامەی ستراتیجی لە نێوان كۆمپانیا سعوودیەكان و لایەنە حكوومییەكانی سووریادا واژوو كران، یەكێكیان دامەزراندنی كۆمپانیا نوێیەكەی فڕۆكەوانی بوو. ڕێككەوتنەكان بریتی بوون لە واژووكردنی ڕێككەوتننامەیەك لە نێوان "سندوقی ئیلاف" و فڕۆكەوانیی شارستانیی سووریا بۆ پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی هەردوو فڕۆكەخانەی حەلەب.
هەروەها كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانیی هاوبەش لە نێوان "فڵای ناس" و فڕۆكەوانیی شارستانیی سووریا دادەمەزرێت، جگە لە واژووكردنی ڕێككەوتننامەیەك لە نێوان "ڕیاز كێبڵ" و سندووقی سەروەری سووریا بۆ پەرەپێدانی كۆمپانیای كێبڵەكانی سووریا كە تایبەتمەندن لە دروستكردنی وایەر و كێبڵی كارەبایی.
ئەو ڕێككەوتننامەی ڕاگەیەنراون، ڕێككەوتننامەیەكیان تێدابوو بۆ ئەوەی هەردوو كۆمپانیای "ئەكوا" و "گواستنەوەی ئاو"ی سعوودی پەرە بە شیرینكردن و گواستنەوەی ئاو لە سووریا بدەن.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی سووریا ڕای گەیاند، ئەو ڕێككەوتننامانەی لەگەڵ سعوودیە واژوو كراون، بەشدار دەبن لە پەرەپێدانی ژێرخان و دووپاتی كردەوە، ئەم ڕێككەوتننامانە خزمەت بە هاووڵاتییانی سووریا دەكەن.
ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ شەموو حەوتی شوبات، شاندێكی سعوودی بە سەرۆكایەتیی وەزیری وەبەرهێنان گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا.