سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە، كە باس لە گرانبوونی نرخی سەوزە و میوە دەكەن لە مانگی رەمەزان و دەڵێ، بەرهەم زۆرە و بەهیچ شێوەیەك نرخ گران ناكرێ. هەروەك داوا دەكات لیژنەكانی چاودێری نرخ كۆنترۆڵ بكەن.
ئەمڕۆ یەكشەم، هەشتی شوباتی 2026، دانا عەزیز؛ سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە لەناو وەرزی زستانداین و بەرهەم زۆرە، رەمەزانیش هەر لەناو ئەو وەرزەدا دەبێت كە بەرهەم زۆرە، بۆیە پێویست نییە نرخی سەوزە و میوە بە هیچ جۆرێك گران بكرێت.
ڕوونیشی كردەوە، بەرهەمی كەلەرم و پەتاتە و زۆرینەی بەرهەمەكانی تری سەوزە و میوە لە ئاستی پێویستی زیاتر هەن و پێویست ناكات گران بكرێت، چونكە جموجۆڵی بازرگانی بەشێوەیەكی چڕ لە عەلوەكەدا بەردەوامە.
سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر دووپاتی كردەوە، پێویستە لیژنەكانی چاودێریی بازاڕ نرخ كۆنترۆڵ بكەن و ئەگەر ئەوان بازاڕ بخەنە ژێر چاودێرییەوە ئەوە بە دڵنیاییەوە نرخی سەوزە و میوە گران نابێت.
ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا خەڵك لە دڵەڕاوكێی ئەوەدان كە نرخی كەلوپەل و خۆراك گران بێت، بەڵام سەرپەرشیاری عەلوەی هەولێر بۆ ئەمساڵ ئەوە رەت دەكاتەوە.