زێر جارێكی تر گران بووەوە

:: AM:09:14:09/02/2026 ‌
نرخی زێڕ لەگەڵ كردنەوەی دەرگای بۆرسەی جیهانی، جارێكی تر رووی لە گرانبوون كرد، بۆ هەر مسقاڵێك نزیكەی 50 هەزار دیناری چووەتە سەر.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی شوبات، شاخەوان مەمەد خاوەنی زێڕنگری ئیمان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، نرخی زێڕ درێژەیدا بە بەرزبوونەوەكانی و ئۆنسەیەكی  گەیشتە پێنج هەزار و 50 دۆلار.

زیاتر گوتی، ئەو بەرزبوونەوەیە هاوتەریب لەگەڵ بۆرسەی جیهانییە، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین مامەڵەكان، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە یەك ملیۆن و 100 هەزار دیناری تێپەڕاندووە.

روونی كردەوە، ئەو نرخە نزیكەی 50 هەزار دینار لە دوێنێ‌ گرانتر بووە، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی بێ وێنەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە، بۆ كەمترین ئاستی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا.

ئاماژەە بەوەش كرد، دابەزینی بەهای دۆلار یارمەتیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی داوە، لەم هەفتەیەدا ئامارەكانی بازاڕی كاری ئەمەریكا بڵاو دەبنەوە، ئەمەش وا دەكات جارێكی تر  نرخی زێڕ گۆڕانكاریی بەسەردا بێت.



وشە - رامیار جەواد