هەناردەی مریشكی توركی و ئێرانی بۆ عێراق راگیرا و تەنیا بەرهەمی كوردستان ئامادەیە

:: AM:11:52:09/02/2026 ‌
وەزارەتی بازرگانیی توركیا بڕیاری دا هەناردەی مریشكی بەستوو بۆ عێراق رابگرێت، ئامانجیشی بۆ زیادبوونی بەرهەمەكەیە لە بازاڕی ناوخۆیی و ئەندامێكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان رای دەگەیەنێت، ئەگەر عێراق مەبەستی بێت، كوردستان ناهێڵێت كێشەی كەمیی مریشكی هەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی شوبات، زانا عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، توركیا و ئێران بەرهەمی مریشكی بەستوویان بۆ عێراق كەم كردووەتەوە.

زیاتر گوتی، توركیا بڕیاری داوە پێش مانگی رەمەزان بۆ رێگریكردن لە ناجێگیریی نرخەكان و زیادكردنی خستنەڕووی بەرهەمی خۆماڵی لە بازاڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، هەناردە كەم بكاتەوە بۆ عێراق.
 
باسی لەوەش كرد، توركیا دوای بڕیاری بەرهەمهێنەرانی مریشك بۆ زیادكردنی نرخەكان بە رێژەی 15%، وەزارەتەكە بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕ، بەشێوەیەكی كاتی هەناردەكردنی مریشكی راگرت.

باسی لەوەش كرد، بەرهەمی مریشكی بەستووی ئێرانیش تا ئاستێكی زۆر كەم كراوەتەوە، بۆیە ئێستە بەرهەمی كوردستان دەتوانێ پێداویستی مریشكی عێراق پڕ بكاتەوە.

روونی كردەوە، بەرهەمی مریشك لە ناوخۆ هێندە زۆرە بە بەستوو و مریشكی زیندوو، دەتوانین بەرهەمی ناوخۆی عێراق پڕ بكەینەوە ئەگەر رێگریی لە قاچاخچێتیی بەرهەمی مرسشكی ئێران بكرێت.

قەبارەی بەرهەمی هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی مریشكدا دەگاتە 270 هەزار تۆن، خواستیش لە ناوخۆی كوردستاندا 147 هەزار تۆن بەرهەمی مریشكە، لە هێلكەشدا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان پێوستی بە حەوت هەزار كارتۆن هەیە، بەڵام ئێستە رۆژانە بەرهەم دەگاتە 16 هەزار و 500 كارتۆن.



وشە - رامیار جەواد