هێڵی ئاسنینی عێراق بە 950 ملیۆن دۆلار دروست دەكرێتەوە

:: PM:02:47:09/02/2026 ‌
بەڕێوەبەری سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان ئاشكرای كرد، پڕۆژەی دانانی هێڵی ئاسنین لە عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی دەبێ و بە گوژمەی 950 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی دێتە جێبەجێكردن. 

محەمەد ئەلنەجار بەڕێوەبەری سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان، لە لێدوانێكدا ڕای گەیاند، پڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و دروستكردنەوەی هێڵی ئاسنینی عێراق بە هاریكاری لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وردەكاریی پڕۆژەكەیش بریتییە لە دروستكرنی هێڵی ئاسنین لە بەسرەوە تا سنوورەكانی توركیا، دووبارە داڕشتنەوەی هێڵی ئاسنینی ئێستە و مەشقكردن بە كارمەندان و شوفێری شەمەندەفەران و پێشخستنی سێكتەرەكە بە نوێترین تەكنەلۆجیای سەردەم. 

پێشتر بانكی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكدا دووپاتی لەوە كردبووەوە، پشتیوانی و یارمەتیی عێراق دەدات لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی هێڵی ئاسنینی عێراق، پڕۆژەكە خۆی لە ڕاكێشانی هێڵی ئاسنین بە درێژایی هەزار و 47 كیلۆمەتر دەبینێتەوە، خزمەتی هەشت پارێزگا دەكات كە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە 17 ملیۆن كەس. 

ئاماژەی داوە، جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە یارمەتییەكی باشی خەڵكی ئەو پارێزگایانەیە تا بەئاسانی هاتوچۆ بكەن و بازرگانی لە ناوخۆ بەهێزتر و پتەوتر دەكرێت، جیا لەوەی بەشێك لەو كاڵا و كەلوپەلانەی بە بارهەڵگر دەگوازرێنەوە، دەتوانرێ لە ڕێی شەمەندەفەرەوە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر بگوێزرێنەوە. 

ئێستە عێراق هێڵێكی ئاسنینی هەیە كە بەغدای پایتەخت بە شاری بەسرەی ئەوپەڕی باشووری عێراق دەگەیەنێت، بەهۆی خراپیی شەمەندەفەرەكە و تێكچوونی هێڵی ئاسنین لە ناوچە جیاجیاكان، زۆرجار دەبێتە هۆی وەستاندنی هاتن و چوونی شەمەندەفەرەكان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د