جێگری سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی سووریا لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە ڕای گەیاند، "نەوتی ڕومێلان لەسەر نەخشەی جیهانی جێگیر دەكرێت و سەردەمی كۆمپانیا زەبەلاحەكان دەست پێ دەكات، بەمزووانە هەردوو كۆمپانیای شیڤرۆن و كۆنۆكۆ دەستبەكار دەبن".
وەلید یوسف جێگری سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی سووریا، سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كرد و چووە شارۆچكەی ڕومێلان لە سنووری پارێزگای حەسەكە، لە پەیامێكدا گوتی، "قۆناغێكی نوێ لە كەرتی نەوت دەست پێ دەكات، مووچەی جیهانی بۆ كارمەندانی نەوت دابین دەكرێت و ئەو سەردەمەی حكوومەتی بەشار ئەسەد كاری پێ دەكرد كۆتایی هات".
ئەو بەرپرسە باڵایەی حكوومەتی سووریا ئاماژەی بەوە كرد، لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان، بۆ یەكەمجار هەستیان بەزمانێكی ئەرێنی و جیاواز لە ڕابردوو كردووە، كە تێیدا دووپات لە چارەسەركردنی كێشەكان و بووژانەوەی ناوچەكە كراوەتەوە.
وەك وەلید یوسف موژدەی بە كارمەندانی ڕومێلان داوە، سیستمی مووچە و گوزەرانیان گۆڕانكاریی ڕیشەیی بەسەردا دێت و گوتوویەتی، "سەردەمی حكوومەتەكەی بەشار ئەسەد كۆتایی هات و ئێستە هەمووان كار دەكەین بۆ ئەوەی مووچەی كارمەندانی كەرتی نەوت، لە سەرانسەری سووریادا بگەیەننە ئاستی كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان".
وەك دەستخۆشی لە ئیدارەی خۆسەر و كارمەندانی كێڵگە نەوتییەكان كرد، سەرەڕای ساڵانی شەڕ و وێرانكاریی، توانیویانە دامەزراوە و ئامێرە نەوتییەكان بپارێزن و بەردەوامی بەبەرهەمهێنان دەدەن.
لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بەرپرسە سوورییەكە ئاشكرای كرد، "چەندان ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ كۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەكان واژوو كردوە وەك شیڤرۆن و كۆنۆكۆ، بەمەبەستی پەرەپێدانی كێڵگەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا، هەموو ئەمانەش لە پێناو سووریایەكی یەكگرتووە بۆ بەرژەوەندیی هەموو گەلەكەی، بەسوودوەرگرتن لە شارەزاییو كادرانی ناوخۆیی و هاوكاری هاوبەشە دەرەكییەكان".