لە پەراوێزی ناڕەزایی بازرگانان و سووربوونی حكوومەت بۆ جێگیركردنی سیستمی ئەسیكۆدا كە بەوهۆیەوە باجی گومرگی بە ڕێژەی 30% ڕووی لە زیادبوون كردووە، پسپۆرێكی ئابووری ژمارەی شۆكهێنەر لەسەر بازرگانیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەخاتە ڕوو، نایشارێتەوە كە تەنیا لە ساڵی 2025 بە بڕی 7.8 ملیار دۆلار زێڕ و ئەڵماس هاوردەی عێراق كراوە و ملیارێك دۆلار بۆ هاوردەكردنی لیمۆ و نزیكەی دوو ملیاریش بۆ كڕینی شووتی لە دەرەوە.
عەبدولڕەحمان مەشهەدانی پسپۆری ئابووری، سەرسوڕمانی خۆی لەو ژمارە سەرسوڕهێنەرانە پێشان دا و گوتی، لە 2025 جیا لە ئەڵماس و بڕی 50 تۆن زێڕ لە ئیماراتەوە هاوردەی عێراق كراوە كە نرخەكەی دەگاتە 7.8 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، ئەو ڕێژەیەیش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2024 نزیكەی 26 تۆن زێڕ زیاترە، ئەمە لە كاتێكدایە ڕێژەی داهاتی چینی ناوەڕاست و كەمدەرامەت ڕوو لە بەرزبوونەوەیە و هێزی كڕین لە بازاڕەكانی عێراق بەردەوام ڕووی لە كزییە.
لە بەشێكی تردا ئەو پسپۆرە دەڵێ، ساڵی ڕابردوو هاوردەی ئۆتۆمبێلیش بۆ عێراق بڕەكەی گەیشتووەتە 7.5 تا هەشت ملیار دۆلاری ئەمەریكی، ئەو هەموو كەلوپەلە كارەباییەیش كە هاتووە، ڕێژەی هاوردەكردنی گەیاندووە بە نزیكەی 30 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، لە بودجەیش 70 ملیار دۆلار بۆ پارەداركردنی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتان خراوەتە ڕوو.
مەشهەدانی دووپات لە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو ژمارە خەیاڵییانە دەكاتەوە، نایشارێتەوە كە ئەگەری ئەوە زۆرە ئەمانە تەنیا سپیكردنەوەی پارە بن و لە عێراق گەندەڵكاران ئەنجامی بدەن، چونكە ناكرێ بە بڕی ملیارێك دۆلار لیمۆ و نزیكەی دوو ملیار دۆلار شووتی لە ساڵی ڕابردوو هاوردەی عێراق كرابێت و ئەو ژمارانە لەگەڵ واقیعی ئابووری عێراق ناگونجێن.