راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند، بەهۆی كەمیی ئاوەوە پلانی كشتوكاڵی ئەمساڵ كەم دەكرێتەوە. سەرەڕای بارانبارین لە ماوەی ڕابردوودا، بەنداوەكان نەگەیشتوونەتە ئاستێكی ئەوتۆ.
عەبدولئەمیر حەسەن ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری كشتوكاڵ ڕای گەیاند، بەهۆی كەمیی ئاوەوە ئەمساڵ پلانی كشتوكاڵی كەم دەكرێتەوە، ڕووبەری زەوی كشتوكاڵی كە پلانەكە دەیگرێتەوە، بە ڕێژەی ئاوی بەردەست دەبێت.
گوتیشی: سەرەڕای بارانبارین لە ماوەی ڕابردوودا، هێشتا بەنداوەكان نەگەیشتوونەتە ئاستێكی ئەوتۆ بۆ ئەوەی بە تەواوی ببن.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەكان لە ماوەی داهاتوودا پێویستی بە هاوسەنگییەكی ورد هەیە، لە نێوان پێداویستییە كشتوكاڵییەكان و بڕی ئاوی بەردەست.
جێگەی ئاماژەیە توركیا ماوەی چەند ساڵێكە پشكی ئاوی عێراقی بڕیوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتەكە ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی بێ ئاوی بێتەوە، هەروەها بەشێك لە دانیشتووانی زۆنگاوەكان ئاوارەی شارەكان ببن، ئەمەش زیان بە كەرتی كشتوكاڵ و ئابووری وڵات دەگەیەنێت.