وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوە لەسەر کێشەی مووچەی مانگی کانوونی دووەم دەدات و ڕای دەگەیەنێت، بەغدا بەرپرسیارە لە هەر لێبڕینێک و بە نووسراوی فەرمی داوای خەرجکردنەوەی ئەو پارەیەمان کردووە کە بڕدراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە ئاراستەی کراون و ڕای گەیاند، ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بودجەی (2023، 2024، 2025) مووچەی هەرێمی کوردستان تێکڕا لە بەغداوە خەرج کراوە، واتە هەر کەموکووڕییەک، نەناردن یان لێبڕینێک لەو سێ ساڵەدا ڕووی دابێت، وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.
وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە، ئەوان یەکەم لایەن بوون ڕایان گەیاندووە کە بەغدا زیاتر لە 36 ملیار دیناری لە پارەی مووچەی مانگی یەک بڕیوە، ئەو پارەیەش شایستەی خانەنشینانی سەربازی، شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر بووە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، خانەنشین هەیە 12 مووچەی وەرنەگرتووە بەڵام تەنیا یەک مووچەی بۆ هاتووە، یان کەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن (مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو و مانگی یەکی ئەمساڵ)، بەڵام تەنیا یەک مووچەیان بۆ هاتووە.
وەزارەتی دارایی وردەکاریی داتاکانی خستووەتە ڕوو:
بەپێی نووسراوی ژمارە 366 لە ڕێکەوتى 27/1/2026، هەرێم داوای خەرجکردنی بڕی 281,125,471,216 (دووسەد و هەشتا و یەک ملیار و سەد و بیست و پێنج ملیۆن و چوارسەد و حەفتا و یەک هەزار و دووسەد و شازدە) دیناری کردووە بۆ مووچەی خانەنشینان.
بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕی 244,764,606,357 (دووسەد و چل و چوار ملیار و حەوت سەد و شەست و چوار ملیۆن و شەش سەد و شەش هەزار و سێ سەد و پەنجا و حەوت) دیناری ناردووە.
واتە جیاوازییەکە بڕی 36,360,864,000 (سی و شەش ملیار و سێ سەد و شەست ملیۆن و هەشت سەد و شەست و چوار هەزار) دینارە.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی دووپاتی کردووەتەوە، بەدواداچوون بۆ مووچە بە ئەرکی خۆیان دەزانن، بۆیە ئەمڕۆ بە نووسراوی ژمارە 1164/4/7، جارێکی تر داوای خەرجکردنی ئەو 36 ملیار دینارەیان لە بەغدا کردووەتەوە.