بەهۆی كەمیی لە بازاڕ و زۆری خواست لەسەری، نرخی گۆشت لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان گران بوو. ئاژەڵفرۆشێكیش دەڵێت، خەڵكی زۆر ئارەزووی كڕینیان هەیە بۆ راگرتن نەك فرۆشتن، ئەوەش بەهۆی خۆشیی بەهارەكەیە.
ئەمڕۆ شەموو 14ـی شوبات، دەروێش وریا ئەندامی ئەنجوومەی ئاژەڵفرۆشان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لە مەیدانی ئاژەڵان، بازاڕ زۆر خۆشە و ماڵاتی قوربانی نرخی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
زیاتر گوتی، پێشتر ئەگەر ئاژەڵێكی جۆری بەرخ كیلۆی بە حەوت هەزار بوو، ئێستە بەرز بووەتەوە بۆ نۆ هەزار دینار، هەروەها ئەو نرخە بۆ هەمووان وایە، دوو بۆ سێ هەزار دینار گران بووە.
باسی لەوەش كرد، ئاژەڵی گەورە كیلۆی بۆ حەوت و 500 دینار بەرز بووەتەوە كە پێشتر بە شەش هەزار دینار بوو، جوانەگای كێشی گەورە كیلۆی گەیشتووەتە حەوت هەزار 750 دینار، ئەو نرخەش هەزار دینار لە نرخی پێشووی گرانترە.
بەگوتەی ئەو ئاژەڵفرۆشە، هۆكاری گرانبوونەكە بەهۆی زۆریی خواستە، لە هەمان كاتدا كەمیی بەرهەمە لە بازاڕەكان و كڕینی ئاژەڵە لەلایەن ئاژەڵدارەكان بۆ بەخێوكردن كە ئەمساڵ بەهارەكەی خۆشە، لەوەڕ زۆرە و كەس ئاژەڵ نافرۆشێتەوە.