رۆژانە لە عێراق 32 ملیۆن لیتر بەنزینی بێ كوالێتی دەسووتێنرێت و مەترسیی دروست كردووە

:: PM:01:52:14/02/2026 ‌
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی (IQ Air)خراپیی كوالێتی بەنزین لە عێراق مەترسییەكی رژدە لەسەر تەندروستیی دانیشتووانەكەی، رۆژانە 32 ملیۆن لیتر بەنزین لەلایەن هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێلەوە دەسووتێنرێت؟.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی (IQ Air) تایبەتمەند لە پێوانەكردنی كوالێتیی كەشوهەوا، لە سێ ساڵی رابردوودا عێراق لە رووی پیسبوونی هەواوە، یەكێكە لە خراپترین وڵاتەكانی دنیا، سەرەڕای ئەوەی لە دوای ساڵی 2003وە جووڵەی پیشەسازی راوەستاوە و زۆرینەی كارگەكانیش داخراون، بەڵام ئەوەی ئێستە بووەتە هەڕەشە لەسەر ژینگەی عێراق، بوونی ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلە كە بوونەتە هۆی بڵاوكردنەوەی گازی ژەهراوی، ئەوەش بەهۆی خراپیی كوالێتیی ئەو بەنزینەی بەكاری دەهێنن.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژانە 32 ملیۆن لیتر بەنزین لە عێراق لەلایەن هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێلەوە دەسووتێنرێت، ئەوەش رێژەیەكی زۆرە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانەكەی كە نزیكەی 47 ملیۆن كەسە، بەراورد بە وڵاتێكی وەك توركیا ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 88 ملیۆن كەسە، رۆژانە تەنیا 32 ملیۆن لیتر بەنزین بەكار دەهێنێت.

سووتاندنی ئەو بڕە زۆرەی بەنزین جگە لە خراپیی كوالێتییەكەی، چەندان مادەی ژەهراویی تێدایە وەك رەساس كە بڵاوبوونەوەی لە هەوادا، دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەكان و كۆئەندامی هەناسەدان.

 بەشێوەیەك لە ساڵی 2024دا رۆژانە 334 هەزار و 359 كەس بۆ نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەدان، سەردانی نەخۆشخانەكانی عێراقیان كردووە، هاوكات ئامارەكانی ئەنجوومەنی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەریانخستووە، شێرپەنجەی سییەكان لە پلەی یەكەمی ریزبەندی جۆرە جیاوازەكانی شێرپەنجەدایە لە وڵاتدا.



وشە - سۆران عەزیز