هۆكاری گرانبوونی گۆشت بڕیارێكی عێراقە

:: AM:09:19:15/02/2026 ‌
ماوەی دوو رۆژە بەردەوام نرخی گۆشت بەرز دەبێتەوە، شارەزایەكی ئابووریش هۆكارەكەی بۆ بڕیارێكی عێراق دەگەڕێنێتەوە و ئەگەری هەیە كیلۆیەك گۆشت نرخەكەی بگاتە 30 هەزار دینار.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ـی شوبات، رەنجبەر عەبدوڵا شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی كیلۆی ئاژەڵی زیندوو (زیندەقەپان) بەرز بووەتەوە، نرخی گۆشتی سووریش لە هەر كیلۆیەك هەزار بۆ دوو هەزار دینار بەرز بووەتەوە، هۆكاری سەرەكی بۆ سیستمی گومرگی پێشوەختەی عێراق (ئەسیكۆدا) دەگەڕێتەوە.

دەشڵێت، ئەو سیستمە وایكردووە بازرگانانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ناتوانن ئاژەڵی زیندوو لە دەرەوە هاوردە بكەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەی ئاژەڵی سەربڕین كەم ببێتەوە.

روونی كردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی كرێی ترانزێتی ئاژەڵ لە ئێران و توركیا، دوو ساڵە ئاژەڵ لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە ناكرێت و هەرێم پشت بە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەبەستێت، بۆیە ئەگەر زوو چارەسەرێك نەدۆزرێتەوە، بێگومان دوو مانگی تر كیلۆیەك گۆشت بە 30 هەزار دینار دەبێت.

سیستمی ئەسیكۆدا (ASYCUDA) پرۆگرامێكی جیهانییە بۆ دیجیتاڵكردنی كارە گومرگییەكان كە حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2024ـەوە دەستی بە جێبەجێكردنی كردووە. هەرچەندە ئامانجی ئەم سیستمە شەفافییەت و ڕێگریكردنە لە قاچاخ، بەڵام بەهۆی نەبوونی زەوینەسازی و مەشقپێنەكردنی بازرگانان، بووەتە هۆی پەككەوتنی سەتان كۆنتێنەر و بارهەڵگری خۆراك لە دەروازە سنوورییەكان و بەندەرەكان.


وشە - رامیار جەواد