فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریكی ئەمڕۆ یەكشەم ئاشكرای كرد، لە هەفتەی ڕابردووەوە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كەمی كردووە، ئەمە تەنیا نەوتی عێراقیشی بۆ ئەمەریكا نەگرتووەتەوە، بەڵكو وڵاتانی تری هەناردەكاریش بەهەمانشێوە بڕی نەوتی نێردراویان بۆ ئەمەریكا كەم بووەتەوە.
لە
ڕاگەیەنراوێكی فەرمانگەكەی ئەمەریكادا هاتووە، ڕێژەی ناوەندی هاوردەی نەوتی خام لەلایەن ئەمەریكا لە هەفتەی ڕابردوو لە 10 وڵاتی جیاجیاوە، گەیشتە پێنج ملیۆن و 878 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بە بڕی 235 هەزار بەرمیل زیاتر بوو لە هەفتەی پێش ئەوە كە ڕۆژانە پێنج هەزار و 643 بەرمیل نەوت دەگەیشتە ئەمەریكا.
ئاماژەی داوە، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریكا هەفتەی پێشوو 249 هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێكدا، بەڵام ئێستە بۆ 76 هەزار بەرمیل كەم بووەتەوە، بەمشێوەیەیش عێراق لە ڕیزی چوارەم وڵات دێ كە نەوت هەناردەی ئەمەریكا دەبێت، زۆرترین هەناردەی نەوت لە كەنەداوە دێت كە بڕەكەی دەگاتە چوار ملیۆن و 117 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، دوای ئەوە سعوودیە بە بڕی 496 هەزار بەرمیل و پاشان مەكسیك بە بڕی 465 هەزار بەرمیل، ئینجا عێراق دواتر ڤەنزوێلا بە بڕی 153 هەزار بەرمیل نەوت.
هاوكات لە كۆڵۆمبیا ڕۆژانە 147 هەزار بەرمیل، لە نەیجیریا 117 هەزار بەرمیل و لە بەڕازیل 57 هەزار بەرمیل، لە ئیكوادۆر 49 هەزار بەرمیل، لە لیبیا 28 هەزار بەرمیل نەوت، بەشێوەی ڕۆژانە دەگەیەنرێنە ئەمەریكا، هۆی كەمبوونەوەی بڕی نەوتی هەناردەكراویش بۆ كەمبوونی پێویستی ئەمەریكایە لە كڕینی نەوت.
ئەمەریكا بە گەورەترین بەكارهێنەری نەوت لەسەر ئاستی دنیا هەژمار دەكرێ و بەكارهێنانی ڕۆژانەی دەگاتە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانیش پشت بە هاوردەكردن دەبەستێت و لەو 10 وڵاتەی ئاماژەیان پێ درا ڕۆژانە نەوتی پێ دەگات.