یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێكی گرنگی پێوەست بە بودجە، گومرگ و خاڵە سنوورییەكان، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات.
رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆك وەزیران ڕای گەیاند: بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات.
باسی لەوەش كرد، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەم سەردانە، تاوتوێكردنی ئەو رێنوێنییە و رێكارە نوێیانەیە كە لە خاڵە سنوورییەكان و گومرگەكانی عێراقدا جێبەجێ دەكرێن، بەتایبەت پرسی سیستمی ئەسیكۆدا ” (Asycuda) كە كێشەی گەورەی بۆ خاوەنكار و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بووەتە ئاستەنگ لە بەردەم جووڵەی بازرگانی.
رێباز حەملان ئەوەشی باس كرد، جگە لە پرسی گومرگ، شاندەكەی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پێوەندیدارەكان، گفتوگۆ لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2026 و پرسی رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ دەكەن، ئامانج لەم گفتوگۆیانە گەیشتنە بە لێكتێگەیشتنێكی نوێ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە داراییانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە.